میلیتاریزەکردنی هەورامان بە سپای پاسداران و ئەندامە خۆجێیەکانیەوە

17:12 - 31 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئێران، هێزێکی زۆری لە سپای پاسداران و ئەندامە خۆجێیەکانی، لە سنووری شارەکانی نۆدشە و نەوسووددا، مۆڵ داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە سپای پاسداران و ئەندامە خۆجێیەکانی، لە شاری نەوسوود، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزێکی دیکە لە سپای پاسداران، سەرباز و ئەندامە خۆجێیەکانی، لە سنووری شاری نۆدشە جێگیر کراون و دەستیان کردووە بە ئازار و ئەزیەتکردنی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزێکی زۆری سپا لە شارەکانی نۆدشە و نەوسوود مۆڵ دراوە و ئەو هێزە ئەوەندە زۆرە کە لە پایگاکان جێگایان نابێتەوە و لە ساڵۆنی وەرزشیی ئەو شارەدا جێگیر کراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو هێزانە لەسەر ڕێگای گوندی \"نوێن\" لە نزیک بەخشی هەورامانی تەخت، خاڵی پشکنینیان داناوە.

ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوەی کوردپا هەروەها دەڵێت: \"هێزەکانی سپای پاسداران لە خاڵی پشکنینی گوندی \"نوێن\"دا، بە جلوبەرگی پێشمەرگایەتییەوە پارە لە موسافیرەکان وەردەگرن.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو و وتی: \"سەرەراین دانانی خاڵی پشکنین و پارە وەرگرتن بە ناوی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان، هەموو ڕێگا سنوورییەکانیان داخستووە.\"

چەند ڕۆژ پێش، ئاژانسی کوردپا، لە هەواڵێکی دیکەدا باسی لە هێنانی هێزێکی زۆر لە سپای پاسداران و ئەندامە خۆجێیەکانی ئەو هێزە نیزامییەی بۆ شاری نەوسوود و دەورووبەری کردبوو.

لەو پەیوەندییەدا، حکوومەتی ئێران هێزێکی زۆری لە شاری سەردەشتدا جێگر کردووە و هەروەها خەریکی نوێکردنەوەی بنکەکانی خۆی لە سنوورەکانی ئەو شارەدایە. هێزە حکوومەتییەکان لە شاخی \"جاسووسان\"ی سنووری شاری سەردەشتدا، هێز و کەرەستەی نیزامیی جێگیر کردووە.

هەروەها، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بانەمەڕ، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ ژمارەیەک لە لیباس شەخسییەکانی حکوومەت، لە سنووری شاری مەریواندا جێگیر کراون.