میلیتاریزەکردنی شاری بانە لە ترسی مانگرتنی گشتی

20:49 - 10 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ١٦مین ڕۆژی مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە، دام و دەزگاکانی حکوومەتی، بە هێنانی هێزێکی زۆر بۆ ئەو شارە، کەش و هەوای ئەو شارەیان زیاتر میلیتاریزە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا، هێزە حکوومەتییەکان بە هێنانی هێزێکی زۆر لە گاردی دژە شۆڕش، کەش و هەوای نیزامییان بە سەر شاری بانەدا زاڵ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بانە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"هێزە حکوومەتییەکان بە هێنانی هێزێکی زۆر لە گاردی دژە شۆڕش بۆ شاری بانە، ئەو شارەیان زیاتر ئەمنییەتی‌تر کردووتەوە و ئەو هێزانەش لە فەرمانداری ئەو شارە جێگر کراون\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: \"هێنانی ئەو هێزە لە ترسی مانگرتنی گشتیی دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە بووە\".

سەرەڕای تێپەڕاندنی ١٦ ڕۆژ لە مانگرتنی دوکاندارانی شاری بانە، هەتا ئێستا لایەنە پەیوەدنییەدارەکانی حکوومەتی وڵامی داخوازیی دوکاندارانی مانگرتوویان نەداوەتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو، مانگرتووانی شاری بانە داوای پشتیوانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە کە لە هەموو شارەکانی کوردستان کاتژمێر ٤.٣٠ بە کاتی مانگرتن بە ڕاخستنی سفرەی خاڵی لە بەردەم بینای فەرمانداری شارەکان کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆ ببنەوە.

پێشتر، ئەماکن و هێزە ئیتلاعاتییەکان چەند جارێک داوایان لە دوکاندارانی مانگرتوو کردبوو ، لە ئەگەری بەردەوام بوون لە سەر داخستنی دوکان و بازاڕەکان، لەگەڵ لێسەندنەوەی موڵەتی کار و هەڵسووکەوتی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە.