میرمنداڵێکی تەمەن ١١ ساڵە لە مەریوان هەوڵی خۆکوژیدا

15:14 - 14 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: مێرمنداڵێکی تەمەن ١١ ساڵە لە شاری مەرایون ڕۆژی شەممە ١٣ی خەرمانان هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مێرمنداڵێکی تەمەن ١١ ساڵە،لە شارەکی کەوسەری شاری مەریوان، لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی دا.

یەکێک لە ماڵپەڕە خۆجێیەکان، شوناسی ئەو مێرمنداڵەی بە ناوی \"حین.میم\" ڕاگەیاندووە.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ خۆکوژییەکان، بەپێی هەواڵەکان ڕۆژ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی\"ڕەئووف\" تەمەن ٣٦ ساڵە، کە بۆ کاری کچکاری ڕۆیشتبووە گوندی کۆس عەنبەری بەشی ساڕاڵی شاری دیواندەرە، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵەی خەڵکی ئەو گوندەی کوشت.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی شاری مەریوان، کە چەند ڕۆژ پێش لە یەکێک لە گوندەکانی شاری دیواندەرە، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵەی کوشتبوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێنا.

ماڵپەڕی تابناکی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، بکوژەکە پاش کوشتنی ئەو کچە تەمەن ١٥ ساڵەیە، هەڵدێت و لە یەکێک لە شاخەکانی دەورووبەری ئەو گوندە کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، هۆکاری ئەو کردەوەیە، خوازبینی بووە لەو کچە و پاش وڵامی ڕەت، کچەکە دەکوژێت.