مۆڵەتی دوو بڵاوکراوە لە پارێزگای سنەدا دەرچوو

16:39 - 8 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: حەوتوونامەیەک بە زمانی کوردی و فارسی، لە شاری سنەدا، موڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی پێدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بڵاوکراوەیەک بە دوو زمانی کوردی و فارسی، لەژێر ناوی \"گۆڕان\" لە شاری سنەدا، ئیزنی چاپ و بڵاوکردنەوەی پێ درا.

بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازیی حەوتوونامەی \"گۆڕان\"، \"فەردین کەمانگەر\"، بەرێوەبەری خانەی چاپەمەنیی سنەیە.

حەوتوونامەی \"گۆڕان\"، بە ڕێژەیەکی زۆر لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ، بڵاو دەکرێتەوە.

ئەو حەوتوونامەیە، لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شاری سنە، بە شێوەی فەرمی ئیزنی چاپ و بڵاوکردنەوەی پێ دراوە.

حەوتوونامەی \"گۆڕان\"، بە دوو زمانی کوردی و فارسی لە بواری \"فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی\" کار و چالاکی دەکات.

فەردین کەمانگەر، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی حەوتوونامەی \"گۆڕان\"، ڕایگەیاند: \"ئەم حەوتوونامەیە لە ڕاستای ئەرکی سەرەکیی میدیایی، هەنگاو هەڵدەگرێت و هەوڵ دەدات ببێتە تریبونێک بۆ هاووڵاتیییان.\"

لە لایەکی دیکەوە، بڵاوکراوەی دیجیتاڵی لەژێر ناوی \"شوناسی ژینگە\"، بە خاوەن ئیمتیازیی \"پەرویز ئەکبەری\"، کە بە زمانەکانی کوردی و فارسی بڵاو دەکرێتەوە، موڵەتی چاپی پێدراوە.