مۆڵدانی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران لە سنوورەکانی شاری مەریواندا

15:35 - 23 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران و هەروەها هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری شاری مەریواندا جێگیر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ ژمارەیەک لە لیباس شەخسییەکانی حکوومەت، لە سنووری شاری مەریواندا جێگیر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە، ڕۆژی شەممە، ٢١ی بانەمەڕ، لە سنووری ئەو شارەدا جێگیر کراون و هەتا ئێستا هۆکاری مۆڵدانی هێزەکانی سپا و لیباس شەخسییەکان، ناڕوونە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: \"ئیدارەی موخابراتی شاری مەریوان، هێزی نێتی کەم کردووەتەوە و لە هەندێک شوێندا، ماوە ماوە دەپچڕێت.\"

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو کە جێگیرکردنی ئەو هێزە زۆرە، ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە دڵی هاووڵاتییانی ئەو شارەوە و زۆربەی ئەندامانی ئەو هێزانە نەناسراون.

لەم پەیوەندییەدا، ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زمانحاڵی حدکا، چەند ڕۆژ پێش و لە هەواڵێکدا، باسی لە کۆمەڵێک ئەندامانی خۆجێی سپای پاسداران کردبوو کە ڕژاونەتە نێو گوندی \"ماشکان\" لە ناوچەی \"بەربنە\"ی پیرانشاردا و بە بیانووی هەبوونی ئەندامانی هێزە کوردییەکان، ماڵ بە ماڵی گوندەکەیان پشکنیوە.

ئەم ماڵپەڕە هەروەها لە درێژەدا نووسیویەتی: \"ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییە خۆجێیەکانی سپای پاسداران، بە هەمان شێوەی گوندی ماشکان ڕژاونەتە نێو گوندی \"گردەسوور\"ی سەر بە شاری پیرانشار و ئەو گوندەیان مێلیتاریزە کردووە و دەستیان بە گەڕان و پشکنینی خەڵک و ماشینەکانیان کردووە و ڕێگایان بە خەڵک گرتووە و ئەزیەت و ئازاریان داون.\"