مۆتەکەی خۆکوژی لە کوردستان بەردەوامە

16:04 - 28 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی خۆکوژی هاووڵاتییانی کوردستان، دوو لاوی خەڵکی شارەکانی کامیاران و ورمێ، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، لاوێکی خەڵکی شاری کامیاران بە هۆکارێکی نادیار هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئاکامدا گیان لە دەست دا.

شوناسی ئەو لاوە کوردە بە ناوی \"ئارمین قوبادی\" کوڕی مەنسوور قوبادی خەڵکی گوندی\"لۆنی سادات\" سەر بە شاری کامیاران ڕاگەیەندراوە.
لە لایەکی دیکەوە، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، کرێکارێکی کورد دانیشتووی گەڕەکی ئیسلامئاوای شاری ورمێ لە گارگەی کابێنتسازی، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

هەر چەند شوناسی ئەو کرێکارە لاوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لە خۆکوژی ئەو لاوە کوردە بە هۆی خراپیی دۆخی ژیان و گوزەرانی ئەو کرێکارە کوردە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، کچێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی گوندی \"تازاوا\"ی ناوچەی هیلیلانی پارێزگای ئیلا که بە هۆی دەسکورتی و هەژاریی بنەماڵەکەی نەیتوانیوە ناوی خۆی بۆ زانکۆ بنووسێت، لە حاڵێکدا لە تاقیکارییەکاندا دەرچووە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان، کە هەژاری، دەستکورتی، بێهیوای لە نێو لاوان، هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو مێرمنداڵان و لاوان بە ئەژمار دێن.