موژگان کاووسی لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە

11:19 - 16 رەشەمه 2720

شۆرای ئینزباتیی زیندانی ئێڤین موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی لە مافی مەرەخەسی بێبەری کردووە.

 بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ئێڤین، ئەو نووسەرە پاش مانگرتنی لە خواردن بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕینی لەمەڕ جێبەجێنەکردنی داخوازیی مەرەخەسییەکەی لەلایەن شۆرای ئینزباتیی زیندانی ئێڤین، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ماوەی بێبەریبوونی ئەو لێکۆڵەرە کوردە لە مافی مەرەخەسی، سەرەتاکانی مانگی خاکەلێوەی ساڵی داهاتوو کۆتایی پێ دێت و ناوبراو دەتوانێت بۆ جارێکی تر داوای مەرەخەسی بکات".

ئەو نووسەرەی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ئەمساڵ، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لە سەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو نووسەرە کوردە پاش تێپەڕاندنی ١ مانگ زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ درێژەی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانی زیندانی ئێڤین کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی گۆڕدرا کە ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

 

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٣٣ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٣٠ مانگ و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.