موژگان کاووسی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرا

17:11 - 30 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر نووسەرێکی کوردی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران بۆ دادگای نەوشەهر و دادگا ئەو ژنە نووسەرە کوردەی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ئەو نووسەرە کوردە، پاش بڕینەوەی حوکمی دادگاییەکەی، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٣٣ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٣٠ مانگ و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەر، "مۆژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ساری ڕاگوێزرا.

"مۆژگان کاووسی"، لە چالاکانی مەدەنیی کەلاردەشت و لە بوارەکانی فەرهەنگی و هونەریدا چالاکیی هەیە. ناوبراو، ئامادەکار، نووسەر و دەرهێنەری کورتەفیلمی "هیوا"یە کە دێکیۆمێنتارێکی چیرۆکییە لەبارەی مەترسیی لەنێوچوونی زمانی کوردی لە کەلاردەشتدا.