"موژگان کاووسی" بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا

12:24 - 7 پووشپەڕ 2720

"موژگان کاووسی"، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی، پاش تێپەڕاندنی مانگێک زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ تێپەڕاندنی درێژەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

گوازتنەوەی ئەو نووسەرە کوردە لەسەر ڕەزامەندیی بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە ڕوویداوە.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی"، نووسەر و لێکۆڵەری کورد کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی کوردی یارسانی، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی گۆڕدرا کە ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی "نەوشەهر" لە چەندین مانگ پێشەوە، بێ هێچ ئاگاداری و پێ ڕاگەیاندنێک، حوکمی "ممنوع‌الخروجـ"ـی بۆ ئەم چالاکە کوردە یارسانییە دەرکردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران بۆ دادگای نەوشەهر بانگهێشت کرا و دادگا ئەو ژنە نووسەرە کوردەی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری٩٨، "موژگان کاووسی"، نووسەر و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ساری ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو نووسەرە و چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەری کاتی  بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.