موژگان کاووسی بۆ زیندانی کەچووئیی کەرەج گەڕێندراوەتەوە

09:28 - 22 رەزبەر 2721

موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد کە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی ڕەزبەر لە زیندانی کەچووئیی کەرەج بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو، دیسانەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ زیندانی کەچووئیی کەرەج.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی دەرکردنی بڕیاری هەڵە لەلایەن دادستانی کەرەجەوە، ئەو ڕاگواستنە ئەنجام درابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە ڕەوانەی گرتنگەی ژنانی ئاگایی کەرەج کرابوو و لە بارودۆخێکی خراپدا ڕاگیرابوو. ناوبراو دەرەنجام ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە بۆ زیندانی کەچووئیی کەرەج ڕاگوێزراوە.

موژگان کاووسی بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی "برادی کاردی" (هێواشیی لێدانی دڵ) و دابەزینی زەختی خوێن، بۆ ماوەی چەندین مانگە کە خوازیاری تاوتوێکردنی پزیشکی یاسایی لەمەڕ نەمانی تاقەت و توانای ناوبراو بۆ تێپەڕاندنی درێژەی حوکمەکەی بووە، بەڵام سەرەڕای ناجێگیربوونی بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بەنیسبەت ئەم پرسەوە هیچ بەدواداچوونێک ئەنجام نەدرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژ، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.

ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ، لقی ٢٨ی دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران حوکمی ڕاگواستنی موژگان کاووسیی بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز و نزیکترین زیندان بە شوێنی نیشتەجێبوونی، دەر کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، ئەو نووسەرە بەندکراوە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، پاش تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتە مەرەخەسی و مەرەخەسیی ناوبراو دیسانەوە درێژ کرایەوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، موژگان کاووسی بەپێی داواکاریی خۆی لەمەڕ ڕاگواستن (بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری نیشتەجێبوون هەم لە تاران و هەم لە نەوشەهر) لە زیندانی ئێڤین بۆ نەوشەهر ڕاگوێزرا. پاش تێپەڕاندنی شەو لە گرتنگەی ناجای نەوشەهر، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ ناوبراو ڕەوانەی دادگای نەوشەهر کرا تاکوو بە بڕیاری بەرپرسانی دادوەریی ئەو شارستانە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگوازرێت، بەڵام بەهۆی هاوئاهەنگی نەکردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ بەرپرسانی دادوەریی نەوشەهر لەمەڕ ڕاگواستنی موژگان کاووسی بۆ زیندانی نەوشەهر، بەبێ هیچ هەوڵێک بۆ زیندانی ئێڤین گەڕێندراوەتەوە.

موژگان کاووسی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە و هەڵاواردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە دانی مەرەخەسی بە زیندانییان لە پەیکی چوارەمی کۆرۆنا، دەستی دابووە مانگرتنی سنووردار.

پێشتر شورای ئینزباتیی زیندانی ئێڤین ئەو نووسەرە کوردەی پاش مانگرتنی لە خواردن لەمەڕ دژایەتی لەگەڵ مەرەخەسییەکەی، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کردبوو.

 ئەو نووسەرەی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ٩٩، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ٩٩، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لەسەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو نووسەرە کوردە پاش تێپەڕاندنی ١ مانگ زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ درێژەی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی زیادی کرد کە بەپێی یاسای تەجمیع ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر بەبێ هیچ بانگهێشتنامە و ئاگادارییەک حوکمی "ممنوع‌الخروجـیـ"ـی بەسەر ئەو چالاکە کوردە یارسانییە سەپاندبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو نووسەر و چالاکە کوردە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی نەوشەهر کرا و دادگا ناوبراوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد و پاش سەپاندنی حوکمی دادگا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣٣ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٣٠ مانگ زیندان و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگوێزرابوو.