موژگان کاوسی بە "افساد فی الارض" تۆمەتبار کرا

17:44 - 1 بەفرانبار 2722

موژگان کاوسی، زیندانی سیاسیی پێشوو و لە چالاکانی مافی زمان و ئێتنیک، خەڵکی شاری کەلاردەشتی مازندەران، لە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساریییەوە بە "افساد فی الارض" تۆمەتبار کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی سەرماوەز، یەکەمین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موژگان کاوسی لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ساری، بە ئامادەبوونی عوسمان موزەیەن و مازیار تاتایی، پارێزەرانی دۆسییەکەی بەڕێوەچوو و ناوبراو وێڕای تۆمەتەکانی پێشوو، بە "افساد فی الارض"یش تۆمەتبار کرا.

موژگان کاوسی لە دادسەرای نۆشەهردا بە "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵات" و "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمن" تۆمەتبار کرابوو کە لە قۆناغی دادسەرادا لەگەڵ هەبوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی دژایەتی کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانان، ئەو چالاکە کوردە لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی تونکابۆن ڕاگوێزرا.

موژگان کاوسی پێشینەی مەحکوومیەتی هەبووە و ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، بە مەرەخەسیی گرێدراو بە ئازادی لە زیندانی کەچووئی کەرەج ئازاد کرابوو.