مووچڕکەیێک لێوانلێو لە سۆز

11:13 - 15 پووشپەڕ 2720

مووچڕکەیێک لێوانلێو لە سۆز، خۆی سەردێڕی بابەتێکە کە شه‌هید "کاوە جەوانمەرد" یه‌کێک له‌ دامەزرێنەرانی کوردپا لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە. کەڵک وەرگرتنی ئێمە لەو سەردێڕە بۆ ئەم بابەتە کە لەسەر یه‌کێک له‌ دامەزرێنەرەکان ساز کراوە، هەڵگری ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە هێشتا فەلسەفەی بوونی خۆمان گرێدراوی ئەو هەست و سۆزە دەبینین کە لە دڵی شۆڕشگێڕی وه‌هاوه‌ دەنگ دەداتەوە.

مووچڕکەیێک لیوانلێو لە سۆز هەڵگری سۆز و خۆشەویستییە بۆ خەڵک، بۆ ئەو خەڵکە ئاساییەی کە ئێمە وەک نەتەوەیەک پێک دێنن. مووچڕکەیێک لێوانلێو لە سۆز دەستەواژەیەکە کە هەڵگری واتای ژیانێکی کورت بەڵام پڕ لە خۆشەویستییە. خۆشەویستییەک بەتایبەت بۆ گۆڕانی ژیانی ئەو چەوساوانە کە لەژێر باری قورسی چەوسانەوە و سەرکوت، ئاگایی و ئیرادەی گۆڕانی ژیانی خۆیانیان لەدەست داوە.

ژیانی کاوە جەوانمەرد مووچڕکەیێکە لێوانلێو لە سۆز، کورت بەڵام تەژی لە خۆشەویستی. خۆشەویستی بۆ خۆی، بۆ خۆشەویستانی، بۆ هاوڕێکانی، بۆ خەڵکەکەی کە ماندوونەناسانە بۆیان تێدەکۆشێت، بۆ ڕزگاری و بۆ ژیان. بۆیە هەروەک چۆن فڕینی کاوە جەوانمەرد شڵەقاندنی گۆمی مەندی نائاگایی و دەستەوەستانی، ژیانیشی، بەرجەوەنێکە بەرەو ئاگایی، ئیرادە، کردەوە و لە یەک واتادا شۆڕش.

کاوە جەوانمەرد بە واتای ڕاستەقینەی وشە شۆڕشگێڕە. که‌سایه‌تییه‌کی شۆڕشگێڕ کە ئەمر ناکات بەڵکوو کەسەکان خۆشەویستانە لەگەڵی دەکەون. هەر بۆیە بەبێ ئەوەی ڕوو لە هاوڕێکانی بکات و داوای هاوڕایی بکات، ئاگایی وەبەر دەکات، پێ لە ئیرادە دەکات، دەست بە کردەوە دەگرێت و بەڕێ دەکەوێت. ئەمەش وا دەکات کە کاوە جەوانمەرد ئیتر لە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕەوە ڕێگایەک بێت کە هەموومان بمانەوێت پێیدا تێپەڕین؛ دەلاقەیەک بێت کە هەموومان ئاواتمان بێت پێیدا بڕوانین؛ گەروویەک بێت کە هەموومان هەوڵ بدەین پێی بقیڕێنین. ژیانی کاوە جەوانمەرد هەروەک فڕینی ئەو، مووچڕکەیێکە لێوانلێو لە سۆز کە نیشتمانێک، مێژوویەک و کۆمەڵگایەک لە پشتی خۆیاندا هەستی پێ دەکەن.

کاوە جەوانمەرد هەر لە ساتەکانی سەرەتای ژیانی لەگەڵ ئەو پرسیارانە بەرەوڕوو بوو کە هەر تاکێکی کورد، ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانی پێیان دەگات. ئەو پرسیارانە کە ئازاریان لەگەڵە. هەوڵ بۆ دۆزینەوەی وڵامی ئەو پرسیارانە، وای کرد کە کاوە ژیانی ڕۆژنامەوانیی دەست پێکرد.

پاش ئەوەی دەسەڵات ئیزنی ئەوەی دا کە بۆ کورتەماوەیەک چەند ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی لە نێوخۆی وڵات چاپ و بڵاو بکرێنەوە، حەوتەنامەی کەرەفتووش یەکێک لەو بڵاڤۆکانە بوو کە هاتە سەر پێشخوانی ڕۆژنامەفرۆشەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵات. کاوە جەوانمەرد لەنێوان ساڵەکانی ٨٣ و ٨٤ لەو حەوتەنامەیە کاری دەکرد و کەم و کوڕییەکانی کۆمەڵگای کوردی لە چوارچێوەی ڕاپۆرت بڵاو دەکردەوە. شەهید کاوە لە ڕاپۆرتەکانی جەختی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەکردەوە و هەر لەو چوارچێوەیەش هەواڵی بەندکراوانی سیاسی و ڕۆژنامەوانانی بەندکراوی بڵاو دەکردەوە. کردەوەیەکی نوێ و دەگمەن لە ئاستی ڕۆژنامەوانیی نێوخۆیی کە لە چوارچێوەی تەحەمولی دەسەڵات نەدەگونجا. بۆیە هاوینی ساڵی ٨٤  بە تاوانی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی ئەو ساڵەی کوردستان کە بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی "شوانە سەید قادری" بەڕێوەچوون، دەسبەسەر کرا. پاش ماوەیەک مانەوە لە گرتووخانە، لە دادگایەکی ناعادیلانە و نمایشی، سەرجەم ٧ ساڵ سزای بەسەردا سەپێندرا.

ساڵی ٨٥ لە کاتێکدا کە شەهید کاوە بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرابوو و خەریکی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی پێداچوونەوەی حوکمەکەی بوو، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت قۆڵبەست کرا. شەهید کاوە پاش چوار مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعاتی سنە و تەحەمولکردنی نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکان، بۆ گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرا. پاش زۆرتر لە پێنج مانگ مانەوە لەم گرتووخانەیە، سەرئەنجام بە تاوانی مۆحاربە و هاوکاریی حیزبە کوردییەکان و ڕاگەیاندنە بیانییەکان بە دوو ساڵ زیندان و دوورخران بۆ گرتووخانەی مەراغە و هەروەها بە تاوانی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی، بە ساڵێک زیندان سزا درا.

پاش یەک ساڵ مانەوە لە گرتووخانەی سنە، بۆ زیندانی مەراغە دوور خرایەوە. لە ماوەی چواردە مانگ مانەوە لە گرتووخانەی مەراغە، بەهۆی ئەشکەنجەی زۆرەوە تووشی چەند جۆر نەخۆشی، لەوانە نەخۆشییەکانی پێوەندیدار بە خوێن ببوو.

پاش ١٤ مانگ، شەهید کاوە دووبارە بۆ گرتووخانەی سنە گوازرایەوە. مانەوە لە گرتووخانەی سنە کورتخایەن بوو، پاش تێپەربوونی دوو مانگ جارێکی دیکە بە هیچ هۆیەک دووبارە دوور خرایەوە، ئەم جارە بۆ گرتووخانەی هەمەدان. ئەمە  لە حاڵێکدابوو کە دادگا سزای دوورخرانەوەی نەدابوو. لەم گرتووخانەیەش بەهۆی ئەشکەنجەکان و بێبەشکردنی شەهید کاوە لە دەرمان، سۆمای چاوەکانی کز بووبوو.

ساڵی ١٣٨٧ ڕاگەیەندرا کە لە وڵاتی ئێران بەهۆی بوونی ١٠ ڕۆژنامەوان لە زیندانەکاندا، ئەم وڵاتە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانانە. شەهید کاوە جەوانمەرد یەکێک لەو ١٠ ڕۆژنامەوانە بوو کە لە گرتووخانە و لەژێر ئەشکەنجەدا بوو.

شەهید کاوە لە کاتی مانەوەی لە گرتووخانەکانیشدا لە داخوازییەکان دەستی نەکێشا و  چالاکییە مرۆییەکانی بەردەوام کرد. کاوە جەوانمەرد بەهۆی ئاگاداری و ئاشنایی بە یاساکانی ئێران و هەروەها مافەکانی مرۆڤ و ئەو مافانەی کە گیراوێک لە چوارچێوەی ئەو کۆنڤانسیۆنانە کە حکوومەت بۆ خۆی واژۆی کردوون، هەیەتی، هەوڵی دەدا گیراوانی دیکە کە ئاگایان لەو یاسایانە نەبوو ڕوون بکاتەوە و مافەکانیان پێیان بناسێنێت. ئەمەش بۆ بەرپرسانی حکوومەت ناخۆش بوو و هەموو کات لەلایەکەوە لەژێر چاودێریدا بوو و لەلایەکی دیکەوە بە شێوەی جۆراوجۆر لەلایەن چڵکاوخۆرانی نێو گرتووخانە، ئازار دەدرا. بەڵام هیچکات لەم ئەکتە مرۆییانەی سڵی نەدەکرد.

پاش تێپەڕکردنی چەندین ساڵ لە گرتووخانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و تەحەمولی ئەشکەنجەی جۆراوجۆر، کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٨٨ بەهۆی زۆربوونی زەخت و گوشار لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی حکوومەت، ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێ هێشت و ژیانی پێشمەرگایەتی لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکرد.

لە سەردەمی پێشمەرگایەتیشدا بەهۆی توانایی و لێهاتوویی پلەکانی تەشکیلاتیی بڕی. لەم کاتەدا بوو کە دووبارە هەوڵی دا بە شێوەی پرۆفشناڵ، حەز و خولیای بۆ کاری ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ، کردەوەیی بکاتەوە. بۆیە بە هاوکاریی چەند هاوڕێی قەڵەم بە دەست پرۆژەی دامەزراندنی یەکەمین ئاژانسی هەواڵنێریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واته‌ "کوردپا"ی نووسی و ئەو پرۆژەیەی بە ئەنجام گەیاند. ئاژانسی "کوردپا" هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی و بە هەوڵی کاوە جەوانمەرد، چەندین پرەنسیپی پرۆفشناڵی ڕۆژنامەوانی بۆ خۆی دیاری کردبوو، لەوانە بڵاوکردنەوە هەواڵی دروست بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوە. بۆیە "کوردپا" زۆر زوو بوو بە یەکێک لە پڕخوێنەرترین ماڵپەڕەکانی کوردستان و بگرە ئێرانیش و هەواڵەکانی لەنێو میدیاکان بڵاو دەکرانەوە.

کوردپا بووە جێی متمانەی خەڵک و بەتایبەت بنەماڵەی گیراوانی سیاسی. خەڵک، ڕۆژانە هەواڵی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان بۆ کوردپا دەنارد و کوردپاش کە ٢٤ کاتژمێر کاری پرۆفشناڵی ڕۆژنامەوانیی دەکرد، دەنگی کپکراوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی دەگەیاندە میدیا و ناوەندە جیهانییەکان.

کاوە جەوانمەرد شۆڕشگێڕانە ژیا و شۆڕشگێڕانە گیانی بەخت کرد. مەرگی شۆڕشگێڕ وەک ژیانەکەی بەرهمێکە کە هەژێنەری ناخی کۆمەڵگای مرۆییە. کاوە جەوانمەرد کە هەموو ژیانی بۆ بەرزکردنی ئاگایی کۆمەڵگا تەرخان کردبوو، لە ئاکامدا مەرگیشی لەو پێناوە دابین کرد.

ژیان و خەباتی کاوە جەوانمەرد پڕە لە بەرهەمی گەورە. ئێمە لە کوردپا یەکێک لە شانازییەکانمان ئەوەیە کە دامەزراوەکەمان یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە هەوڵ و تێکۆشانی کاوە جەوانمەرد ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە لە پێکهاتنی دا.

دەستەی نووسەرانی کوردپا