مورەخەسکردنی زیندانییەکی گوماناوی بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تاڵقانیی ورمێ

11:23 - 17 رەشەمه 2719

زیندانییەکی گوماناوی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ناوی "مووسا نەعمانی"، تەمەن ٥٧ ساڵ، خەڵکی "دزەی دۆڵ" سەر بە ورمێ کە لە نەخۆشخانەی تاڵقانی خەوێندرابوو، مورەخەس کرا.

بەرپرسی نەخۆشخانەی تاڵقانیی ورمێ لە کۆبوونەوەیەکی خەبەری سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ئەو زیندانییە ڕایگەیاند: "ئەو نەخۆشە بە نیشانەکانی وەک کۆخین و گەروو ئێشە خەوێندرابوو و ئاکامی تاقیکاریی ئەو نەخۆشە هەنووکە لە تاقیگا نەگەڕێندراوەتە و بە ئەگەری زۆرەوە بە سەرنجدان بە نیشانەکانی ئەو نەخۆشە، ناوبراو تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا نەبووە، بەڵکوو کۆکائینی زۆری بەکار هێناوە".

بەڕێوبەری کاروباری زیندانەکان و هەوڵەکانی ئیدارەی "تەئمین و پەروەردە"ی ورمێ سەبارەت بەو پرسە دژکردەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند: "ئەو نەخۆشە پاش تێپەڕینی چەند ڕۆژ و نەبوونی هیچ جۆرە نیشانەیەکی نەخۆشی بە ئاگاداریی پزیشکەکەی لە نەخۆشخانە مورەخەس کراوە".

ماوەیەک پێش سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ سەبارەت بە بەکاربردنی ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانی ورمێ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "تاوانبارانی ماددەی سڕکەر لە زیندان زیاتر لە شوێنەکانی دیکە ماددەی سڕکەریان دەست دەکەوێت، بە جۆرێک کە لە حەوشەی بەندەکانی ١، ٢، ٣، ٤، ٩، ١٠ و ١١ بە ئاسانی دەتوانی بەکاری ببەن و شەوانە سرویسە بێهداشتییەکانی زیندان بە شێوەی گرووپی شوێنی بەکاربردنی ماددەی هۆشبەرە. لە کاتی بەڕێوەبەریی نێوخۆیی بایرامزادە کەمتر بوو، هەنووکە کە مێهر عەلی فەرهەنگ بەڕێوەبەری نێوخۆیی زیندانی لە ئەستۆدایە، بەکاربردنی ماددەی سڕکەر چەند بەرابەر بووەتەوە".