موختار زارعی دەسبەسەر کرا

02:50 - 31 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد دانیشتووی شاری سنە پاش سەردانی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەو شارە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندان ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی پووشپەڕ، موختار زارعی، چالاکی مەدەنیی کورد پاش سەردانی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندان ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە لە دادگا بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەر، تێکدانی بیروڕای گشتی و بانگەشە دژی نیزام\" تۆمەتبار کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ لەم بارەیەوە لە کاناڵی تێلێگرامی شەخسی خۆی نووسیوویەتی: \"من، موختار زارعی دانیشتووی شاری سنە بەیانی ڕێکەوتی ٣٠ پووشپەڕ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لە دایکبوونم دەچمە دادسەرای سنە، تا بە بۆنەی نامە رەخنەئامێزیەکەم بە ڕێبەر؛ دادگایی بکرێم\".

جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە بۆ \"تێگەیاندنی تاوانەکەی لەگەڵ مافی پارێزەر\" بانگهێشتی لقی دادسەری گشتی و ئینقلابی شاری سنە کرا.

ئەو چالاکە کوردە، یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کورد بووە و لە زستانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا و لە کاتی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی دووهەمین ساڵیادی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهیدا، دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعات راگیرابوو.

پێشتر، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"بانگەشە دژی نیزام\" لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنە بە یەکساڵ زیندانیی هەڵپسێردراو بۆ ماوەی ٥ ساڵ مەحکووم کرا بوو.