\"موختار زارعی\" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

16:29 - 27 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ چالاکی مەدەنیی کورد، بڕییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، \"موختار زارعی\"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

\"موختار زارعی\"، لەو بارەیەوە لە کاناڵی تێلگرامیی شەخسیی خۆیدا نووسیوویەتی: \"ڕێک لە کاتێکدا هەوڵم دەدا سەرنجی دادگا بۆ گرینگیی دێموکراسی، ئازادی، چالاکیی ئاشتیخوازانە، مافی مرۆڤ و هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و... ڕاکێشم، سەرۆکی دادگا چووبووە نێو بیرێکی قوڵەوە هەتا ماددەیەک بدۆزێتەوە و بەپێی ئەو یاسایە سزام بدات\".

ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕ، ئەم چالاکە مەدەنییە، بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران\"، بە دوو ساڵ زیندان و بە تۆمەتی \"بانگەشە دژی نیزام\" بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، دادگاییکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری نیزام و پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوەچوو.

مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیریی بە ئامادەنەبوونی ئەو چالاکە مەدەنییە، بۆ ناوبراو بڕییەوە.