موختار زارعی به بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

21:52 - 16 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، \"موختار زارعی\"، چالاکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری سنە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، دۆزگەری شاری سنە بۆ ئازادکردنی چالاکێکی مەدەنیی کورد لە شاری سنە داوای بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تەمەنی کرد.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی پووشپەڕ، موختار زارعی، چالاکی مەدەنیی کورد، پاش سەردانی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندان ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە لە دادگا بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەر، تێکدانی بیروڕای گشتی و بانگەشە دژی نیزام\" تۆمەتبار کراوە.

جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە بۆ \"ڕوونکردنەوەی تاوانەکەی لەگەڵ مافی پارێزەر\" بانگهێشتی لقی دادسەری گشتی و ئینقلابی شاری سنە کرا.