موبین محەممەدی پاش نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی تاران گیانی لە دەستدا

15:55 - 24 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ کە تووشی نەخۆشیی \"تالاسمی\" هاتبووە و پاش نەشتەرگەری مێشک لە نەخۆشخانەی بانە و دواتر ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی شاری تاران، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موبین محەممەدی\" مێرمنداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ، کە لە ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ نەشتەرگەری مێشکی بۆ کرابوو، لە ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردان چووبووە کۆما و پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی شاری تاران، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەست دا.

ئەو مێرمنداڵە کوردە، پاش نەشتەرگەری مێشک، بەهۆی ئاودزکردنی نەشتەرگەرییەکەی، ماوەی یک مانگە لە کۆما دابوو و ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ لە نەخۆشخانەی تاران گیانی لە دەست دا.

پێشتر، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە باسی لە خراپبوونی باری تەندروستی ئەو منداڵە لە زاری پزیشکەکانەوە کردبوو و ڕایگەیاند، ئەو منداڵە دەبێ بە زووترین کات بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری تاران بکرێت.