منداڵێکی کورد بە هۆی تانکی شەڕەوە گیانی لەدەست دا

15:10 - 15 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: کەوتنە خوارەوەی لوولەی تانکی جەنگی لە ناوچەی قەسری شیرین، گیان لەدەستدانی منداڵێکی بەدواوە بوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێزدە بەدەر لە ناوچەی سۆمار، منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵان لەکاتی یاری کردندا، لوولەی ڕزاوی تانکی سەردەمی شەڕی ئێران ــ عراق بە سەریدا بەربووەتەوە و بەهۆیەوە زەربە مەغزی بوو.

ئەو منداڵە خەریکی یاری کردن بووە کە چاوی بە کەرەستەی جەنگی بەجێماوە لە ٢٧ ساڵ لەمەوبەر دەکەوێت و بە یەکێک لە تانکەکان هەڵدەگەڕێت.

قوربانی، کە تائێستا ناسنامەی ڕوون نەبووەتەوە، لە بنەماڵەیەکی دانیشتووی شاری ئیلامە کە بۆ دیتنی سرووشتی سۆمار و نەفت شار هاتبوونە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان.

پۆلیسی شاری قەسری شیرین وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە کە ئەو منداڵە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

چوونی ئەو بنەماڵە بۆ سۆمار کە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی وەک \"منطقه عملیاتی\" ناونراوە لە کاتێکدایە کە پێشتر چالاکانی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەیان جار بە نیسبەت مەترسیدار بوونی ناوچە سنوورییەکان و پێشگرتن بە هاتوچۆی خەڵکی مەدەنی هوشداریان دابوو.

سپای پاسداران لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەڵاڵەی ناسراو بە \"راهیان نور\"ی دامەزراندووە تا لەو ڕێگەیەوە بە هەزاران قوتابی و خوێندکار بنێرێتە ناوچە جەنگییەکان بە مەبەستی \"ئاشنا بوون بە فەرهەنگی جەنگ و شۆهەدا\".

چالاکانی بواری منداڵان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم چەشنە کارانە دژایەتی لەگەڵ میساقە نێونەتەوەییەکانی مافی منداڵاندا هەیە کە ئێران بۆ خۆی یەکێک لە واژۆکەرانیەتی.