منداڵێکی کار لە شاری گیلانغەرب بەهۆی لە بەرچاونەگرتنی ئوسووڵی دڵنیایی کار گیانی لەدەست دا

13:47 - 19 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ، منداڵێکی کار بە ناوی "ئەمیر ڕەزا پەرهوودە" کوڕی هەیبەت خەڵکی شاری گیلانغەرب سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی کەوتنە نێوان میلە و زەنجیری باڵابەر، گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو منداڵە بەهۆی ئەوەیکە خاوەنکارەکەی ئوسووڵی دڵنیایی کاری لەبەرچاوە نەگرتبوو، دەکەوێتە نێوان میلەکان و زەنجیری باڵابەرەکە و گیانی لەدەست دەدات.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: ئەمیر ڕەزا پەرهوودە لە شیرینی‌پەزییەک خەریکی کارکردن بووە، کە تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە.

ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ئەو منداڵی کارە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژ، لە گۆڕستانی گیلانغەرب، بەڕێوەچوو.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گەلاوێژ، منداڵێکی کار بە ناوی "ماردین سڵامەتییان (کوردە)" تەمەن ١٠ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان، بەهۆی قورسی برینەکانییەوە لە ئەنجامی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی جەستەی لە نەخۆشخانەی ورمێ، گیانی لە دەست دابوو.