منداڵێکی کار لە سنە و کرێکارێکیش لە ئیلام بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست دا+وتووێژ

16:19 - 31 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری سنە، بەهۆی ناستانداریی ئەو کارگەیەی کاری تێدا دەکرد، گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، منداڵێکی کار لە شاری سنە بەناوی محەمەد سەنعان و تەمەن ١٥ ساڵ، کە لە کارگەیەکی ئەو شارەدا سەرقاڵی کار کردن بوو، بەهۆی تەقینەوەی کارگەکە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو منداڵە تەمەن ١٥ ساڵەیە، لە ئەنجامی کەمتەرخەمیی خاوەن کارگەکە و نەبوونی ئیمەنی لەو کارگەیەدا بۆتە قوربانی.

حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەر لە دادگاکان، سەبارەت بە منداڵانی کار لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"بەپێی یاسا، کار کردنی منداڵان قەدەغە، بەڵام بەداخەوە هیچ زەمانەتێکی ئیجرایی و بەرێوەبەریی نییە و هیچ کەسیش بۆ رەچاو نەکردنی ئەو یاسایە سزا نادرێت\".

\"21670.jpg\"
حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەر لە دادگاکان
ئەو پارێزەرە کوردە گوتیشی؛ کار کردن بە منداڵان بەهرەکێشیی ناعادڵانە لە منداڵانە، چونکە هیچ کەسێک چاوەدێرییان بەسەردا ناکات و لە ئەنجامیشدا نە منداڵان دەوێرن سکاڵا تۆمار بکەن و کارفەرما و ئیدارەی کاریش چاوەدێرییان بەسەردا ناکات و هیچکام لە یەکیەتییە کرێکارییەکانیش داکۆکی و پشتیوانییان لێ ناکەن.

ئەحمەدی نیاز سەبارەت بەو مەترسی و ناهەقییانەی کە زۆرێک منداڵانی کار بەرەوڕووی دەبنەوە، رایگەیاند؛ \"زۆربەی ئە منداڵانە بەرەوڕووی مەترسیی دەستدرێژیی جنسی دەبنەوە، هیچ ئەمنیەتێکیان لە کاتی کار کردندا نییە، هیچکامیان بیمە ناکرێن، هیچ ستانداردێکی کار کردنیان بۆ لەبەرچاو ناگیرێت و سەرچاوەی داهاتی بنەماڵەکەشیانن، سەرەڕای کاری لە رادەبەدەرهەقدەستی تەوایان پێ نادرێت و بەهۆی ئەوەیەکە مۆڵەت و ئیزنی کار کردنیان نییە، ئەگەر زۆرترین زوڵم و ناهەقیشیان بەرامبەر بکرێت ناوێرن سکاڵا تۆمار بکەن\".

لەلایەکی دیکەوەو کرێکارێکی تەمەن ٤٤ ساڵ، لە کارگەیەکی شارستانی چەرداوڵی سەربە ئوستانی ئیلام، لە کاتی کار کردندا و بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

ئەو کرێکارە کە لە کارگەیەکی کەرتی تایبەت سەرقاڵی جۆشکاری بووە، لە کاتێکدا کە لە بەرزایی بەربۆتەوە، چەند میلەیەکی ئاڵماتۆڕ لە ناو سک و سەری هەڵچەقیون و بەوهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.