منداڵێکی قوربانیی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاش چاوێکی لەدەست دا

13:39 - 8 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کچە قوربانییانی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاشی مەریوان، بەهۆی ئاسەواری ئەو تەقینەوەیە چاوێکی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بنەماڵەی ئاڵا روبینا تەمەن ٦ ساڵ، بەدەست هەژاری و دەستکورتییەوە دەناڵێنن و توانای ئەوەیان نییە، کە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدەن، کچە تەمەن ٦ ساڵەکەیان چاوی راستی لەدەست داوەو دەماری چاوی بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی مین لەناوچووە.

حوسین ئەحمەدی نیاز پارێزەری دۆسیەی منداڵانی تەقینەوەکەی نشکاش لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە، کە رۆژی رابردوو پزیشکانی نەخۆشخانەی تارانپارس رایانگەیاند، کە ئاڵا چاوی لەدەست داوە.

\"22939.jpg\"
دەماری چاوی ئاڵا روبینا بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی مین لەناوچووە
پارێزەری ئەو منداڵانە نووسیویشیەتی؛ بنەماڵەی ئاڵا بنەماڵەیەکی دەستکورت و هەژارن و باوکی ئاڵا، تەنانەت هەزار تمەن پارە شک نابات\".

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ پێنج‌شەممە بڕیارە گەشبین کەریمی یەکێکی دیکە لە کچانی قوربانیی مین لە گوندی نشکاش، کە بەهۆی ئەو تەقینەوەیە لاقێکی لەدەست دابوو، لە نەخۆشخانەی \"نووری ئەفشار\"ی تاران نەشتەرگەری بۆ بکرێ.

قەرەبوو نەکردنەوەو نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ منداڵانی قوربانیی مین لە کوردستان

ماوەیەک پێش ئێستا حوسین ئەحمەدی‌نیاز رایگەیاندبوو؛ فەرمانداری شاری مەریوان هەتا ئێستا بۆ باشتربوونی دۆخی ژیانی ئەو حەوت منداڵەی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاش، تەنیا بە پێدانی ٥ کیلۆ رۆن و ٥ کیلۆ قەند هاوکاری کردوون.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەش کردبوو، \"نەبوونی قوتابخانەی ستاندارد یەکێکی دیکە لە کێشەی منداڵانی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاشە، کە هەتا ئێستاش لە وەرزی سەرمادا بە سۆبەیەکی نەوتیی کۆن پۆلەکەیان گەرم دەکەن و هەر بۆیە داوا دەکەم نەهێڵن رووداوی شیناوێ بۆ ئەم منداڵانە دووپات بێتەوە\".

ناوبراو گوتووشیەتی؛ \"ئێمە داوا دەکەین کە دەستبەجێ کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ بۆ ئەم منداڵانە پێک بێت و پرۆسەی دەرمانی و چارەسەرکردنی ئەو مندالانە بێتە بواری پراکتیکەوە\".

\"22940.jpg\"
دانا یووسفی
هاوکات دانا یووسفی تەمەن ١٢ ساڵەی خەڵکی شارستانی سەرپێڵ زەهاو لە ئوستانی کرماشان، کە بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی پەڕیبوو، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە ساڵێک لەو رووداوە، هیچکام لە بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە.

بێهنام سادقی، چالاکی بواری مین، سەبارەت بەو شوێنەی کە دانا یوسفی تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بووە، لە لاپەڕەی \"ئێران بەبێ مێن\" نووسیویەتی: \"دانا لە شوێنێک تووشی ئەو رووداوە بووە، کە پێشتر خاوێن کراوەتەوە\".

پێشتریش دایکی گەشین کەریمی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندبوو؛ کە شویێی تەقینەوەی مینەکە سێ هەتا ٤ میتر لە ماڵی ئێمەوە دوورە و بورهان کەریمی باوکی گەشین لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی \"شهروند\"جەختی لەوە کردبوویەوە، کە رووداوەکە لە تەنیشت ماڵی خۆیان هاتۆتە ئاراوە\".

دایکی گەشین باسی لەوەش کردووە دوای تەقینەوەکە دەزگای مین هەڵگرتنەوە ٢٠ مینیان لە شوینی رووداوەکە کۆکردەوەو گوتیان دواتر دێینەوەو مینەکانی دیکە کۆ دەکەینەوە، بەڵام هەتا ئێستا نەهاتوونەتەوە.

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٦٢ی هەتاوییەوە هەتا ساڵی ٨٩ی هەتاوی، نزیک بە ٤٩٠ کەس لە شاری مەریوان بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون و هەزار و ٥٣٠ کەسیش بریندار و کەمئەندام بوونەو سەرەڕای ئیدیعای لایەن وناوەندە پەیوەندیدارەکان لەمەر خاوینکردنەوەی کێڵگە مینەکان، ساڵانە دەیان هاووڵاتیی سڤیل بەهۆی تەقینەوەی مین دەبنە قوربانی.