منداڵێکی تەمەن ژێر ١٨ساڵ حوکمی ئیعدامی بۆ دەرچوو

20:45 - 28 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئیعدامی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ساڵ لە ئێران درێژەی هەیە، هەر لەو پەیوەندییەدا دیوانی باڵای وڵات، حوکمی ئیعدامی بۆ منداڵێکی دیکەی تەمەن ژێر ١٨ ساڵان بڕییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دیوانی باڵای وڵات، ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، حوکمی ئیعدامی بۆ \"هێمن هەورامی نیژاد\" بڕییەوە.
ناوبراو بە تاوانی کوشتن (قەتڵی بە ئەنقەست)، حوکمی ئیعدامی لەسەر دراوە.

لە مادەی ٩١ی یاسای سزای ئیسلامی‏دا هاتووە، هەر کەسێک لەکاتی ئەنجامدانی تاوانێکدا، درکی بە تاوان بوونی کردەوەکەی خۆی نەکردبێت، یان لەبواری مێشکەوە بە تەواوی گەشەی نەکردبێت و یان تەمەنی لە ژێر ١٨ساڵانەوە بێت، لە حاڵەتی ڕوودانی کوشتندا، بە \"قیساس\" مەحکووم ناکرێت.

پزیشکی یاسایی بۆ دەستنیشان کردنی گەشەی مێشکی هێمن هەورامی نیژاد لە کاتی ئەنجام دانی تاوانەکەی‏دا، تەنیا چەند پرسیاری لێ‏کردووە و تاقیکارییەکی زانستی یان پزیشکی لە سەر ناوبراو ئەنجام نەدراوە.

هێمن لە دایکبووی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییە و لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەی‏دا، تەمەنی ١٧ساڵان بووە و حوکمی ئیعدامی ئەو منداڵە، بەبێ ڕەزامەندیی بنەماڵەکەی بەڕێوە دەچێت.

هەواڵدەریی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ناوی سێ کەسی دیکەشی لە زیندانی سنە ئاشکرا کرد کە تەمەنیان لە ژێر ١٨ساڵەوەیە و مەترسیی ئیعدام کردنیان لەسەرە.

شوناسی ئەو چوارمنداڵە کوردە، \"یووسف محەممەدی\"، \"هێمن هەورامی نیژاد\"، \"سیاوەش مەحموودی\" و \"ئامانج حوسێنی\"، ڕاگەیەندراوە.

ئێران، عەربستان سعوودی، پاکستان و سوودان، تەنیا وڵاتگەڵێکن کە منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ساڵ بە ئیعدام مەحکووم دەکەن.