منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ، پاش نەشتەرگەری لە بانە چووەتە کۆما

20:56 - 28 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵ خەڵکی شاری بانە، پاش نەشتەرگەری مێشک، لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، ماوەی نزیک بە دوو حەوتوویە لە کۆما دایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موبین محەممەدی\"، تەمەن ٥ ساڵ، خەڵکی شاری بانە، کە لە ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ نەشتەرگەری مێشکی بۆ کراوە، پاش نەشتەرگەرییەکەی لە ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەرداندا هەتا ئێستا لە کۆما دایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"موبین محەممەدی پاش نەشتەرگەری مێشک، بە هۆی ئاودزکردنی نەشتەرگەرییەکەی، ماوەی دوو حەوتوویە لە بێهۆشی درێژخایەن دایە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو منداڵە تەمەن ٥ ساڵە، کە تووشی نەخۆشیی مەترسیداری مێشک بووە و بە هۆی دەستکورتی بنەماڵەکەی و نەبوونی پارەی دەوا و دەرمان بۆ ئەو منداڵە، هەتا ئێستا لە کۆما دایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لە خراپبوونی باری تەندروستی ئەو منداڵە لە زاری پزیشکەکانەوە کردوە و ڕایگەیاندووە، ئەو منداڵە دەبێ بە زووترین کات بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری تاران بکرێت.