١٣ منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە حکوموەتی ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون

15:49 - 28 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەت لەسەر مەسەلەی لەسێدارەدانی منداڵان لە دەوڵەتی حەسەن رۆحانیدا بە پێچەوانەی بەڵێنی و بانگەشەکانی کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری، بەردەوام بەرەوڕووی رەخنەی میانەڕەوەکان دەبنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چەندین چالاکی سیاسیی سەربە بزووتنەویە سەوز لە وتوێژ لەگەڵ گۆڤاری \"حقوق ما(مافی ئێمە)\" باسیان لە نائومێد بوون لە باشتربوونی رەوشی مافی مرۆڤ لە دەوڵەتی حەسەن رۆحانیدا کردووەو بەڵگەی ئەو ئیدیعایەشیان خستۆتە روو.

ئەو گۆڤارە، وتارێکی مورتەزا کازمیانی لەژێر ناوی \"دەوڵەتی میانەڕەو\" بڵاو کردۆتەوە، کە ئەو چالاکە سیاسییە تێایدا باسی لە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە دەوڵەتی یازدەیەمی لەمەڕ کرانەوەی سیاسی، دۆخی زانکۆکان، مافی ژنان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە.

ناوبراو وەزارەتی ئیتلاعات و وەزارەتی ناوخۆ، کە لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی دەوڵەتدان، بە سنووردار کردن بیاڤی سیاسیی ناوخۆی ئێران تۆمەتبار کردووە.

\"24244.jpg\"
مورتەزا کازمیان: لە نێوان بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی و چاوەڕوانیی دەنگدەراندا، مەودایەکی ئێجگار زۆر بەدی دەکرێت
کازمیان لە درێژەدا نووسیویەتی: \" تاقمی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی و باندە مافیاییەکاندا، دژی دێمۆکراسی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤن\".

رەزا عەلیخانی یەکێکی دیکە لە چالاکانی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات لە وتوێژ لەگەڵ ژمارەی ٣ی گۆڤاری \"مافی ئێمە\"دا باسی لەوە کردووە، کە هیچ هیوایەک بۆ گۆڕانکاری لە دەوڵەتی رۆحانیدا بەدی ناکرێ و گوتووشیەتی، کە چوونە سەرەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان بە تایبەت لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد چەشنێک دژکردەوەی راستی توندئاژۆی نێو بازنەی دەسەڵاتی دادوەریی حکوومەتی ئیسلامییە.

ناوبراو سەبارەت بە دروشمی هەڵبژاردنەکانی حەسەن رۆحانی و لە وڵامی ئەو پرسیارەشدا کە حەسەن رۆحانی سەرەڕای ئەوەیکە ئاگاداری دۆخی یاسای ناوخۆیی حکوومەتی ئیسلامی بووە، بۆچی بەڵێنیی باشتر کردنی مافی مرۆڤی دابوو، گوتوویەتی: حەسەن رۆحانی داخوازیی ئابووری، بەڵێنییە ئابووریەکان و راکێشانی دەنگی ناڕازییانی دۆخی ئابووریی وڵاتی خستۆتە سەرووی بەڵێنییەکانی خۆی و لە بوارێکشدا کە رێبەری حکوومەتی ئیسلامی (عەلی خامنەیی) کە ناڕازی بووە، باسی لیوە نەکردووەو بە گشتی رۆڵی لەو بوارانەدا نەبووە.

\"24245.jpg\"
رەزا عەلیخانی: باشتر کردنی رەوشی مافی مرۆڤ هیچکات لە سەرووی بەرنامەکانی حەسەن رۆحانییەوە نییە
بارودۆخی مافی منداڵان لە ئێران و ئاماری لەسێدارەدانی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بەشێکی دیکە ناوەرۆکی گۆڤاری \"مافی ئێمە\"یە، کە چەندین وتار و وتوێژی تێدا گونجێندراوە.

پاریزەرێک نووسیویەتی: هەرچەند گۆڕانکاری لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتۆتە ئاراوە، لەسێدارەدانی منداڵان لە ئەو سزایانەدا کە شیاوی جێبەجێ کردن بن، لاچووە؛ بەڵام هەتا ئیستاش سزای تایبەت بە (حەدی ئیسلامی) و \"قصاص(تۆڵە کردنەوە)، هەڕەشە لە گیانی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ سال دەکات.

لە بەشیکی دیکەی ئەو گۆڤارەدا، ئامارێک سەبارەت بە لەسێدارەدانی منداڵان لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا لەلایەن مەدیار سەمیع‌نژاد، سەرنووسەری ئەو گۆڤارەوە بڵاو کراوەتەوە.

\"24246.jpg\"
مەدیار سەمیع‌نەژدا: چەندین حالەتی دیکەی لەسیدارەدانی منداڵان و مێرمندالانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە سالی ٢٠١٤دا بوونی هەیە، کە پێویستیی بە تاوتوێ کردن و زانیاریی زۆرتر هەیە
لە ساڵی رابردووی زایینی‌دا، لانیکەم ١٣ حالەتی لەسێدارەدان لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵدا لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا رووی داوە، کە بەپێچوانەی بەندی ئەلفی ماددەی ٣٧ی پەیماننامە جیهانییەکانی تایبەت بە مافی منداڵانە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران واژۆی کردووەو لە مەجلیسی ئیسلامیشدا پەسندی کردووە.

شەهریار موزەفەری، رەزا گەنج‌لوو، مەیسەم چەنبەری، حەسەن زولفەقاڕی، مێهراس رەزایی، حەسەن غوڵامی، ئەحمەد رەحیمی، عەلی فوولادی، عەلی شەریفی، ئیبراهیم حاجەتی، عوسمان دەمردە، هادی پاڵانی و فەردین جەعفەریان، ئەو کەسانە بوون کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیاندا، تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدا بووە.

سەرنووسەری گۆڤاری مافی ئێمە، ژمارەی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی زیاتر لەو رێژەیە لە قەڵەم داوە.

گۆڤاری ئەلکترۆنیی \"مافی ئێمە\" هەر دوو حەفتە جارێک بلاو دەبێتەوەو لە هەر ژمارەیەکدا باس لە تەوەرەیەکی تایبەت لەسەر ماف یان پرسی مافی مرۆڤی لە وڵاتی ئێراندا دەکات.

بۆ خویندنەوەی فایلی pdfی ژمارەی ٣ی گۆڤاری ئەلکترۆنیی \"مافی ئێمە\"، کە بە زمانی فارسی بلاو بۆتەوە، لێرە کرتە بکە.