منداڵانی کوردیش بە خستنەڕووی هونەرەکانیان پشتیوانی لە کانی بڵ دەکەن+وێنە

21:32 - 9 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ کۆنسێرتی پشتیوانیی منداڵان لە کانی بڵ لە شاری سنە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی داریان دەستی بە تێکدانی کانی بڵ کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، منداڵانی کورد بە کۆکردنەوەی واژۆ و بەرێوەبردنی کۆنسێرتی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی، پشتیوانییان لە ژینگەی کوردستان و بەتایبەت کانی بڵ دەربڕی.

ئەم کۆنسێرتە مۆسیقاییە، سێ رۆژ بەردەوام بوو، کە بە هاوکاریی کۆرسی هونەریی منداڵان و شاگردەکانی دیلان نەسیری لە ساڵۆنی سینەما بەهمەنی شاری سنە بەڕێوەچوو.

سەعدوڵڵا نەسیری هونەرمەندی کورد سەرپەرستیی گروپەکەی لە ئەستۆیە، کەلە رۆژانی ٦ و ٧ی ئەم مانگەدا هاوڕێ لەگەڵ ٦٠ کەس لە شاگردەکانی خۆی بەرهەمی پێشکەش کرد.

رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردووش چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان، لە پەراوێزی کۆنسێرتی مۆسیقایی عادڵ نادریدا، واژۆیان بۆ پشتیوانی لە کانی بڵ کۆ کردبوویەوە.

واژۆکاران داوایان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردبوو، کە رزگار کردنی کانی بڵ و راگرتنی یەکجاریی پرۆژەی تێکدانی کانی بڵ بکەنە ڕێرەوی کارەکانیان.

لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا هاووڵاتییانی کورد لە ئیسلام ئابادی رۆژئاوا، هەزار واژۆیان بۆ رزگار کردنی کانی بڵ کۆ کردبوویەوە.

پشتیوانیی هاووڵاتییان لە کاتێکدایە، کە لە حەفتەی رابردوویەوە ، تێکدانی کانیی بل دەستی پێکردووە.

کەمپەین پشتیوانی لە کانی بڵ رایگەیاندووە؛ کرێکارانی بەنداوی داریان لە رێگەی تونێلێکەوە کە لە لای رۆژهەڵاتی کانیەکەوەیە، دوو لوولەی ٣٢ ئینجی رادەکێشن و دەوروپشتی لوولەکانیان ئاڵماتۆڕ بەندی کردووە و لە رێگەی ئەو دوو لوولەیەوە ئاوی کانی بڵ بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازنەوە.

بەنداوی داریان ٦ کیلۆمیتر لە خوار کانی بڵەوە لە حاڵی دروست کراندایەو درێژییەکەی ١٠ کیلۆمیتر دەبێت و ئەگەریش بەنداوەکە ئاوگیری بکرێت، کانی بڵ ١٠٠ میتر دەچێتە بن ئاو.

کانی بڵ ناوی یەکێک لە خواوەندی بابلییەکانەوە وەرگیراوەو لە یۆنانیشدا بڵ بە واتای خواوەندی ئاوەکانە.
\"21825.jpg\"

\"21826.jpg\"

\"21827.jpg\"

\"21828.jpg\"

\"21829.jpg\"

\"21830.jpg\"

\"21831.jpg\"

\"21833.jpg\"

\"21835.jpg\"

\"21832.jpg\"