منداڵانی مەهاباد بوونە براوەی خەڵاتێکی نێونەتەوەیی

20:59 - 22 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی ناوەندێکی پەروەردەی فیکریی منداڵانی شاری مەهاباد، لە نێو ٢٦ وڵاتدا توانییان پلەی یەکەم بەدەست بێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو ١٢ کەس لە ئەندامانی ناوەندی ژمارە ٢ی ناوەندی پەروەردە و بارهێنانی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانی مەهاباد، پلەی یەکەمی \" فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی نەقاشیی منداڵانی نەخۆش\"یان لە شاری تاران بەدەست هێنا.
لەو فێستیڤاڵەدا، ٩٠٠ منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە ٢٦ وڵاتی جیهان و لە ٤ گرووپی تەمەنیی جیاوازدا، بەشدارییان کردبوو.

\"28814.jpg\"
کەوسەر قەهرەمانی، هانا بەنەفشە، سەبا سەید عەزیزی، لەیلا هەمە کۆسە، نارین فەرەجی، فەریبا جەوانمەردی و دیلان قەهرەمان‌پوور، سوهەیلا جاوید مێهر، سومەیە هەمە کۆسە، سەبا قوڕەیشی، سەمیرا دەرویشی و سەیران مەلال زادە، ئەندامانی هەڵبژێردراوی بەشی تیمی ناوەندی پەروەردەی منداڵانی مەهاباد بوون.

نێوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە بریتی بوو لە ئەزموونی منداڵان لەکاتی خەواندنیان لە نەخۆشخانە و تەندروستیی جەستەییان، کە بە شێوەی نەقاشی خرایە ڕوو. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر کاتژمێرێک‏دا ١٧ هەزار منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆکاری جیاواز دەمرن.

منداڵانی مەهابادی، خەڵاتەکان و هەروەها تەندیسی فێستیڤاڵەکەیان بە بەشداریی وەزیری بێهداشت، چارەسەری و بارهێنانی پزیشکی ئێران وەرگرت.
بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی ئەم فێستیڤاڵە لە ڕێوڕەسمێکدا و لە ٣٠ شاری جیهان دەخرێتە پێش چاوی خەڵک.

بڕیار وایە ئەم فێستیڤاڵە، ساڵی داهاتوو لە وڵاتی مەجارستان بەڕێوە بچێت.