منداڵانی قوربانیی تەقینەوەکەی ئیلام، بەرەو ماڵەوە گەڕانەوە

14:11 - 5 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: منداڵانی قوربانیی تەقینەوەی خومپارە لە سنووری مێهران، کە لە نەخۆشخانەی مێهران لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوون، رۆژی رابردوو لە ناوەندی دەرمانیی تاڵەقانی ئەو شارەوە بەرەو کوردستان گەڕانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٤ی خاکەلێوە، بڕیاری مەرەخەس کردنی قوتابیانی تەقینەوەی خومپارەی، دەرکرد.

ئەو چوار قوتابییە کوردە لەسەر بڕیاری پزیشکی نەخۆشخانەی تایبەتیی سووتاوانی ئەهواز مەرەخەس کراون و بەرەو زێدی خۆیان لە نزیک مێهران لە ئوستانی ئیلام گەڕاونەتەوە.

بەرپرسی بەشی راگەیاندنی ئیدارەی پەروەردەی ئوستانی ئیلام، لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیرنا، هەوواڵی مەرەخەس کردنی ئەو چوار قوتابیەی لە نەخۆشخانە بڵاو کردۆتەوە.

کۆتاییەکانی حەفتەی رابردوو، محەمەدهادی مەلەکیان، کە هاوڕێ لەگەڵ ئەو چوار قوتابییە، تووشی رووداوی تەقینەوەی گوللـە خومپارە هاتبوو، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز و پاش ١٩ رۆژ لەو رووداوە، گیانی لەدەست دا.

ئەمیر محەمەد تەمەن ٨ ساڵ و ئەمیر حوسێن پەیکانی تەمەن ١١ ساڵ (برا)، محەمەد و مەهدی باباخانی تەمەن ٧ و ٨ ساڵ (برا)، لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی مەرەخەس کراون و بەرەو ماڵی خۆیان لە ناوچەی کونجان چەمی مێهران گەراونەتەوە.

پێشتریش بنەماڵەی ئەو قوتابییانە، لە لێدوانیاندا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، باسیان لەوە کردبوو کە هەتا ئێستا بۆ کومیسیۆنی ماددەی ٢ لە وئستانداری، بەدواداچوونیان نەکردووە.

پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمەی ساڵی ٩٣، کۆمەڵێک قوتابیی کورد لە تەنیشت قەڵای کونجان چەمی مێهران و لە کاتێکدا بە کایە کردن بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە، بەهۆی گوللـە خومپارەیەکی نەتەقیوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵی ئێران و ئێراق، بریندار بوون.

قەڵای کونجان چەم، لە ١٥ کیلۆمیتریی باکووری شاری مێهران و لەسەر جادەی مێهران – ئیلام هەڵکەوتووە.