منداڵئازاری لە کوردستان خەریکە دەبێتە دیاردە

13:15 - 29 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: منداڵ ئازاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوامە و جارێکی دیکە کچێکی تەمەن ٦ ساڵ، بە هۆی ئازار و لێدانەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، کچێکی تەمەن ٦ ساڵان بە ناوی \"ن\" دانیشتووی شاری مەهاباد، بە هۆی لێدانە بەرەوامەکانی دایک و باوکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کرا.

ئەو کچە تەمەن ٦ساڵە، لە بنەماڵەیەکی ناخۆجێی لە شاری مەهاباد ژیان دەکەن که بە هۆی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەوە، لاقی ڕاستی شکاوە و هەنووکە لە نەخۆشخانەی مەهاباد خەوێندراوە.

دەوترێ، \"ن\" زڕباوکی هەیە بەڵام بە قسەی خۆی لە لایەن دایکیەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ئەمە دووهەمین حاڵەتە کە کەمتر لە چەند مانگدا منداڵئازاری لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوو دەدەن. لەو پەیوەندییەدا، لە شاری بۆکان بە هۆی لێدان کچێکی تەمەن ٦ ساڵ، لە لایەن زڕدایکەوە، بە هۆی زەربەی مێشکی گیانی لە دەست دا.