"ممنوعالخروجـ"ـکردنی موژگان کاووسی، سەرەڕای ئازادکردنی لە زیندان
ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەشەمە، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد لە کاتی سەردانکردنی ئیدارەی "گوزەرنامە"ی شاری نۆشەهر، لە "ممنوعالخروجـ"ـکردنی ئاگادار کرابووەوە.
بە وتەی ئەو لێکۆڵەرە کوردە، ئیدارەی گوزەرنامەی نۆشەهر لە وڵامی ناوبراودا ڕایگەیاندبوو کە دادوەری دۆسیەکەی لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠، بۆ ماوەی ١ ساڵ ئەو لێکۆڵەرە کوردەی "ممنوعالخروج" کردووە.
موژگان کاووسی ئەو حوکمەی دادوەری دۆسیەکەی بە "سەرپێچیی یاسایی" زانیوە و ڕایگەیاندووە: "لە تەواوی ئەو ماوەیەدا لە مەرەخەسیدا بووم لەگەڵ دادیاری چاوەدێری لە زیندان لە پەیوەندیدا بووم و تەنانەت جارێکیش سەرەڕای نەخۆشییەکەم لە شوماڵەوە چوومەتە تاران و لە دادیاری چاوەدێری زیندانی ئێڤین ئامادە بووم؛ هەروەها لە کات و وادەی دیاریکراوی خۆیدا خۆمم بە زیندان ناساندووە و سەرەڕای ئەوەیکە بە بارمتە و کەفاڵەت لە مەرەخەسیدا بووم، ئەو ممنوعالخروجییە هیچ پاساوێکی یاسایی نییە".
ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار، موژگان کاووسی لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ گرتنگەی ژنانی ئاگایی کەرەج ڕاگوێزرا و لە بارودۆخێکی خرپدا ڕاگیرابوو، لە کۆتاییدا ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە بۆ زیندانی کەچوویی کەرەج ڕاگوێزراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە کوردە پاش تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتە مەرەخەسی و ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گەلاوێژ پاش کۆتاییهاتنی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
ڕۆژی شەممە ٩ی گەلاوێژ، لقی ٢٨ی دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران بڕیاری ڕاگواستنی موژگان کاووسیی بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز و نزیکترین زیندان بە شوێنی نیشتەجێبوونی دەرکردبوو.
موژگان کاووسی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە و هەڵاواردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە دانی مەرەخەسی بە زیندانییان لە پەیکی چوارەمی کۆرۆنا، دەستی دابووە مانگرتنی سنووردار.
پێشتر، شۆرای ئینزباتیی زیندانی ئێڤین ئەو نووسەرە کوردەی پاش مانگرتنی لە خواردن لەمەڕ دژایەتی لەگەڵ مەرەخەسییەکەی، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کردبوو.
ئەو نووسەرەی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ٩٩، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ٩٩، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لە سەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنابوو.
ئەو نووسەرە کوردە پاش تێپەڕاندنی ١ مانگ زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ درێژەی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانی زیندانی ئێڤین کرابوو.
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرابوو.
ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کردبوو.
حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی زیادی کرد کە بەپێی یاسای تەجمیع ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.
دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر بەبێ هیچ بانگهێشتنامە و ئاگادارییەک حوکمی "ممنوعالخروجـیـ"ـی بەسەر ئەو چالاکە کوردە یارسانییە سەپاندبوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو نووسەر و چالاکە کوردە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی نەوشەهر کرا و دادگا ناوبراوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد و پاش سەپاندنی حوکمی دادگا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣٣ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٣٠ مانگ زیندان و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.
ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.