٦ ملوێن کەس بەهۆی وشکبوونی گۆلی (ورمێ)وە ئاوارە دەبن

16:28 - 3 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەگەری بەردەوامیی قەیرانی گۆلی ورمێ و سەرهەڵدانی تۆفانی خوێ، دانیشتوانی گوندەکانی سێ ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژهەڵات، دەبێ زێدی خۆیان چۆڵ بکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشهاتەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێ رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو زیادبوون دەچن و ئەگەری سەرهەڵدانی تۆفانی خوێ، لەناوچوون و سوێربوونی زەوی و زاری ناوچەکە و چۆڵبوونی ئوستانەکانی دەوروبەری ئەو گۆلە زیاتر دەبن.

رۆژی رابردوو ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا بە میدیا حکوومەتییەکانی راگەیاندووە، هەنووکە زیاتر لە ٩٠ لەسەدی گۆلی ورمێ وشکبووەو ئەگەر ئەم گۆلە زیندوو نەکرێتەوە، ئاوارە بوونی ٥ هەتا ٦ ملوێن کەس بەدوای خۆیدا دێنیت.

ئەو بەرپرسە حکوومییە گوتووشیەتی دەوڵەت پشتیوانی لە گەڵاڵەی زیندوو کردنەوەی گۆلی ورمێ دەکات، وتەی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە، کە حەسەن رۆحانی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو، یەکەمین کاری دەوڵەتەکەی بوژاندنەوەو رزگار کردنی گۆلی ورمێ لەو قیرانە هەنووکەییەی دەبێت.

قوربانعەلی سەعادەتی باسی لەوەش کردووە، پاراستنی ژینگەی ئاژەڵی و مرۆیی لە دەوروبەری گۆلی ورمێ کردووە، ئەوەش لە حاڵێکدایە، کە دۆخی ئەو گۆلە لەماوەی ١٨ ساڵی رابردوودا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون چووەو سەرەڕای هۆشداریی کارناسانی ژینگە، هەتا ئێستا حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ رزگار کردنی گۆلی ورمێ لەو دۆخە هەڵنەگرتووە.

پێشتر کە ٢١ چۆمی گەورە و بچووک دەڕژانە نێو گۆلی ورمێ، کەلە ئێستادا ئەو ٢١ چۆمە بەنداویان لەسەر دروست کراوە و ئەمەش لە سەدا ٩٠، کاریگەری لەسەر وشکبوونی گۆلی ورمێی هەبووە.