مستەفا ئیلخانیزادە: ڕامین حوسێن‌پەناهی شیاوی لەسێدارەدان نییە

13:57 - 31 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگیی کورد و بەرپرسی فێرگەی زمانی کوردی و وێژەی منداڵانی شاری بۆکان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مستەفا ئیلخانیزادە، چالاکی فەرهەنگیی کورد و بەرپرسی فێرگەی زمانی کورد و وێژەی منداڵانی شاری بۆکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: کە لە دادگاییکردنی ڕامین حوسێن‌پەناهی بنەمای دادپەروەریی لە بەرچاو نەگیراوە و ناوبراو شیاوی سزای لەسێدراەدان نییە.

ئیلخانیزادە سەرسووڕمان و بەداخبوونی خۆی لە دەرکردنی وەها بڕیاریک لە لایەن دادگاوە دەربڕیوە و وتوویەتی: ئامانجی لە پشتیوانیکردنی ئیدئۆلۆژی و ڕێبازی ڕامین نییە، بەڵکوو ئامانج داکۆکی لە مرۆڤایەتی و لەبەرچاوگرتنی دادپەروەریی ئیسلامییە.

ناوبراو لە درێژەدا داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران کردووە، کە بە زووترین کار حوکمی لەسێدرادانی ڕامین حوسین‌پەناهی، چالاکی سیاسیی کورد ڕابگرن.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە، لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم حوکمی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کردەوە.

\"ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە لەسێدارەدان لە حەوشەی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\".