مستەفا ئیلخانیزادە بە دانانی بارمتە لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

17:34 - 30 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، مستەفا ئیلخانیزادە، لێکۆڵەر، نووسەر و بەرپرسی فێرگەی زمانی کوردیی "ئەدەب" لە بۆکان، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕێبەندان، ئەو نووسەرە کوردە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر نووسینگەی کار و ماڵی مستەفا ئیلخانیزادە و مۆبایل، کامپیوتێر و هەروەها کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەرپرسی فێرگەی زمانی کوردیی "ئەدەب" لە بۆکانیان، بەهۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ۲ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە نووسینگەی ئەو دامەزراوەیەدا، دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی پێنچشەممە ۲ی ڕێبەندان،  فێرگەی زمانی کوردی "ئەدەب" لە بۆکان، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بەڕێوە برد.