مستەفا هیجری: كۆماری ئیسلامی خوانی بێ‌كۆتایی شەڕ و نائەمنی ناوچەكە لەدەست نادات

15:50 - 31 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: ستراتیژی و هەڵسوكەوتی سیاسی- نیزامی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەناوچە و جیهان، ناوەڕۆكی بابەتێكی سكرتێری حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانە كە لەم دوایانەدا بڵاو كراوەتەوە.

لەو بابەتەدا مستەفا هیجری وێڕای ئاماژە بە راپۆرتی پێنتاگون بۆ كۆنگرەی ئەمریكا كە تێیدا جەخت لەسەر گۆڕانی هەڵسوكەوتی حكوومەتی ئێران لە هێرشەوە بۆ بەرگریی كردن دەكاتەوە دەلێ‌: دیارە ئێمە ئاگاداری ئەوەنین ئاخۆ ئەو نۆرم و ستانداردانەی نووسەرانی راپۆرتەكە بۆ چۆنیەتی دیاری كردنی سیاسەتی هێرشكارانە و سیاسەتی بەرگریكارانە و لێك هەڵاواردنی ئەم سیاسەتانە لەبەر چاویان گرتووە، كامانەن.

نووسەر لەو بابەتەدا پرژاوەتە سەر پێكهاتەی هێزە نیزامییەكانی ئێران و رۆڵی هەر كامەیان لەو پێوەندیەیدا و ئامانجی هەركام لەو پێكهاتانە بە پاراستنی ئەمنییەتی نیزامی ویلایەتی فەقێ دەزانێ‌.

لەبەشێكی دیكەی ئەو بابەتەدا كە بە زمانی كوردی لەسەر ماڵپەڕی ناوەندی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بڵاو كراوەتەوە هاتووە: \"رێژیم لە گشتایەتی خۆی‌دا لەمێژە لەسەر ئەوە ساغ بووەتەوە كە باشترین بەرگری كردن، هێرش كردنە. لێمان تێک نەچێ هەتا ئێستا كۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر ڕۆژئاوادا \"بەرگری\" لەخۆی نەكردووە، بەڵكوو هەر لەجێ‌دا ئەوە رۆژئاوایە كەلە بەرانبەر \"هێرشەكانی\" هەمە جۆری ئێران‌دا هەوڵی داوە گوشار بخاتە سەر ئێران و نەختێک لەناوچەدا پاشەكشەی پێ ‌بكا و ئەوەی ئێران ناوی \"بەرگری كردن\"ی لەسەر دادەنێ لەڕاستی‌دا بریتی‌یە لەمل‌نەدان لەبەرانبەر ئەو پاشەكشە پێ‌كردنەدا و داكۆكی كردن لەسەر پەلامار دان و هاتنەپێش و خۆ سەپاندن.

هیجری لەو بابەتەدا باس لە دۆخی عێراق و كوردستان دەكات و سیاسەتی حكوومەتی ئێران بە یەك هەنگاوی باش و چەند هەنگاو لەراستای تێكدان وەسف دەكات و نووسیویەتی: زۆر ساویلكانەیە پێمان وابێ كۆماری ئیسلامی لەهەر بەڵێن و بڕیارێكی‌دا دەیهەوێ خاڵی كۆتایی سیاسەتەكانی خۆی ئاشكرا بكا.

لەبەشێكی دیكەی ئەو بابەتەدا هاتووە: \"با لایەنە سیاسییەكانی باشوور لە‌هەڵس‌وكەوت لەگەڵ كۆماری ئیسلامی‌دا هەر نەبێ هێندەی موقتەدا سەدر ئاگایان لە دەستی ئاسنینی كۆماری ئیسلامی ناو دەستەوانەی مەخمەر هەبێ.

ئەو رێبەرە سیاسییە باسی لەوەش كردووە: بناغەی ئەو نەزمە سیاسییەی ئێستای عێراق، لەلایەن ئامریكاوە و بە پەلاماری نیزامی بۆ سەر رێژیمی بەعس و ڕووخاندنی ئەم رێژیمە دامەزراوە. سەقامگیری ئەو نەزمە بەمانای سەركەوتنی پرۆژەی نیزامی ئامریكا بۆ هیرش كردنەسەر وڵاتێكی ناوچە و ڕووخاندنی رێژیمەكەیەتی. ئێران بەپێچەوانە، ئەوەندەی بۆی بكرێ دەیهەوێ هەم سیاسەتوانانی جیهان و هەم بیر و رای گشتی خەڵكی جیهان لەم بیرۆكەیە دوور كاتەوە كە هێرشێكی لەم چەشنە دەتوانێ مۆدێلێكی هاسان و بێ‌ژانەسەر بۆ گۆڕینی حكوومەتێكی نادڵخواز بێ. كەواتە هەتا ئەو جێگایەی سەروەری هێزی شیعەی لایەنگری ئێران لەعێراق مسۆگەر بێ، كۆماری ئیسلامی \"سیاسەتی هاوكاری و هاوكاریی سیاسی\" لەگەڵ هێزەعێراقییەكان ڕەچاو دەكا، بەڵام بەشێوەیەكی چەند قات هەوڵ دەدا نەهێڵی ئاریشە و گرفتی بنەڕەتیی سیاسی لە عێراق‌كۆتایی پێ بێ و سیستمی فیدرالی عێراق ببێتە سیستمێكی سەقامگیر و وەك مۆدێلێكی سەركەوتوو لە ناوچەدا چاوی لێ بكرێ.

سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە كۆتایدا كوردەكانی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی ئەوان لەسیاسەت و پیلانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئاگادار دەكاتەوە هاوكاتیش دوو تێبینی و رێنوینی هەیە:

یەكەم ئەوەی دروستكردنی سیاسەت و پێوەندییەكی دیپلۆماتیك لەگەڵ ناوەندەكانی دەسەڵات لەناوچە نابی بەرامبەر بە دژایەتی كوردەكانی دیكە لەپارچەكانی تری كوردستان بێ‌و دووەمیش بە سیاسیەكانی كوردستان دەڵێ‌: لە ئاستی موقتەدا سەدردا ئاگاداری دەست ئاسنینی ئێران ببن كە بە مەخمەر داپۆشراوە.