"مستەفا سەلیمی" لە سێدارە درا

11:14 - 23 خاکەلێوه 2720

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی خاکەلێوە، حوکمی ئێعدامی "مستەفا سەلیمی"، زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سەقز جێبەجێ کرا.

ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرابووە.

ئەو زیندانییە پاش ناڕەزایەتیی زیندانییان لە زیندانی سەقز، توانی لە زیندان هەڵبێت؛ بە وتەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆیی کورد، ناوبراو پاش هەڵاتن لە زیندانی سەقز لە هەرێمی کوردستان دەسبەسەر دەکرێت و دواتر ڕادەستی حکوومەتی ئێران دەکرێتەوە.

مستەفا سەلیمی لە دایکبووی ٤ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویە، ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ٨٢ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، دزیی چەکدارانە و موحاربە" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز، بە سەرۆکایەتی "گودینی" بە  ١٥ ساڵ زیندان و ئێعدام مەحکووم کرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست و ئەو زیندانییە لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، چەندین جار ناڕەزایەتی سەبارەت بە نادادپەروەرانەبوونی حوکمەکەی دەربڕیبوو و دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن.