"مستەفا سەبزی" لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن گرت

11:01 - 2 بەفرانبار 2720

ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانبار، زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "مستەفا سەبزی" بەهۆی ئەوەیکە بەرپرسانی زیندانی ورمێ مەرەخەسییان پێ نەداوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستی داوەتە مانگرتن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، حەوتووی ڕابردوو، برایەکی تەمەن ٣٢ ساڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، گیانی لەدەست دابوو و بەرپرسانی زیندانیش بۆ پێدانی مەرەخەسی بەو زیندانییە داوای بارمتەیان کردبوو، بەڵام دادوەری چاودێر و بەرپرسانی زیندانی ورمێ، داواکارییەکی ئەو زیندانییە کوردەیان، پشتگوێ خستووه.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: " ئەو زیندانییە سیاسییە داوای کەمکردنەوەی سزای تەعزیری بەپێی گەڵاڵەی دوو فەورییەتیی کەمکردنەوەی تاوانەکانی تەعزیری کردووه".

ئەو زیندانییە سیاسییە خەڵکی شاری "ماکۆ"یە و لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، بۆ زیندانی خۆی ڕاگویزراوە و پاش مانگرتنی لەو زیندانە و داوای ڕاگواستنی بۆ زیندانی شوێنی لە دایکبوونەکەی، ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ دووبارە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

مستەفا سەبزی مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٣، لە یەکێک لە گوندەکانی ورمێ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی کوردستانی" لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بەو تۆمەتە بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، پشتڕاست کرابوو.

ئەو زیندانییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە مافی مەرەخەسی بێبەری بووە و لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەنی ١٨ ساڵ بووە.