مزگەوتی مێژوویی شاری نەغەدە پاش تێکدران دروست نەکراوەتەوە+ وێنە

21:55 - 24 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: مزگەوتی مێژووی شاری نەغەدە پاش چەندین مانگ لە تێکدرانی بەهۆی کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەتا ئێستا دروست نەکراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی \"سوڵدز\"، نزیک بە ١ ساڵ پێش ئێستا مزگەوتی مێژوویی \"حاجی مەلا خدر\"ی شاری نەغەدە کە بە مەبەستی نۆژەن کردنەوە تێکدرا، بەهۆی کەمتەرخەمیی ئیدارەی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەتا ئیستا نۆژەن نەکراوەتەوە.

پێشتریش \"سەید مەهدی عەلەوی\" ئەندامی شۆرای شاری نەغەدە لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا رایگەیاندبوو، نۆژەن کردنەوەی پرۆژەی ئەو مزگەوتە بەهۆی کەمیی بۆدجەوە راگیراوە.

لەلایەکی دیکەوە پاش هەڵکەندنی خەندەک و راگیرانی ئەو پرۆژەیە، زۆربەی دیوارەکانی بەهۆی باران بارین تووشی داڕامان هاتوون و ئەگەری ئەوە دەکرێ دیواری ماڵەکانی دەوروبەری ئەو پرۆژەیەش هەرەس بێنن.

هەر لەو پەیوەندییدا ماڵەکانی دەوروبەری ئەو پرۆژەیە لەبەر مەترسیی داڕمان، رێگەی هاتووچۆی ماشێنیان لە نزیک ئەو پرۆژەیەوە بەربەست کردووە.

مەهدی عەلەوی راشیگەیاندبوو، کە بۆ سەرلەنوێ دروست کردنەوەی ئەو مزگەوتە ١٠٠ میلیۆن تمەن بۆدجە پێویستە، بەڵام ئیدارەی ئەوقاف تەنیا ١٠ میلیۆن تمەن بۆدجەی بۆ ئەو پرۆژەیە تەرخان کردووە.

مزگەوتی حاجی خدر نزیک بە ٩٠ ساڵ پێش ئێستا دروست کراوە و یەکێک لە کۆنترین مزگەوتەکانی شاری نەغەدە بە ئەژمار دێت.
\"12693.jpg\"

\"12692.jpg\"

\"12694.jpg\"