مرەخەسی بە مەرجی دانپێدانان بۆ زیندانییەکی کورد

13:56 - 17 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: گوشار و هەڕەشە لە زەینەب جەلالیان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، چووە قۆناغێکی نوێ‏وە.

بەپێی هەواڵە بڵاو بووەکان، بەرپرسانی گرتووخانەی شاری خۆی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لە دانی هەرچەشنە مرەخەسییەکە بە زیندانییەکی سیاسیی کورد خۆدەبوێرن.

ئەو ژنە زیندانییەی خەڵکی ماکۆ، لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا، لە مافی مرەخەسی بێ‏بەش کراوە.

پارێزەری زەینەب جەلالیان لە نوێترین وتووێژیدا وتوویەتی کە؛ پێشگرتن بە مرەخەسیی ئەو زیندانییە سیاسییە، لەوانەیە بۆ ناچار کردنی بە دانپێدانانی تەلەفزیۆنی بێ.

کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، لە زاری محەممەد شەریف ڕایگەیاند: \"بەرپرسانی زیندان، ئیزنی مرەخەسی نادەن و بەپێی هەلومەرجی ئەو زیندانییە، شیمانەی ئەنجامدانی دانپێدانانی تەلەفزیۆنی دەکەم\".

دانپێدانانی تەلەفزیۆنی، زاراوەیەکی ناو ئەدەبیاتی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە دژبەرانی ئەو سیستمە بە تایبەتی زیندانییەکان، بە شێوەی زۆرەملێ و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە ڕەخنە گرتن و ڕەت کردنەوەی بیر و کرداری پێشووی خۆیان دەکرێن و لە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی وەک پرێس تیڤی، سەحەر و جام‏جەم، بڵاو دەکرێنەوە.

زەینەب جەلالیان کە تەمەنی ٣٣ ساڵە و ٨ ساڵ بەرلە ئێستا لە خاڵی پشكنینی \"قازانچی\"، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرا.

حوکمی دەزگای قەزایی ئێران بۆ ناوبراو، لە سەرەتادا ئیعدام بوو و پاشان بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و هەوڵ و تێکۆشانی بنەماڵە و پارێزەری زەینەب، بۆ داشکاندنی ئەو سزایە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، تاکوو ئێستا بێ‏ئاکام ماوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بەهۆی دۆخی ناتەندرووستی زیندانەوە، تانە کەوتۆتە سەر چاوی. هەروەها ڕێگری لە چاوپێکەوتنی بەردەوامی حەفتانەی لەگەڵ بنەماڵەکەی لێ دەکرێت.

لینكی پەیوەندیدار:
بەرپرسانی زیندان پێش بە چارەسەری پزیشکی زەینەب جەلالیان دەگرن
ڕێگری لە چارەسەری پزیشکیی زەینەب جەلالیان لە دەرەوەی زیندان دەکرێ