مردنی گوماناویی دایکێکی گەنج لە هەورامان + وێنە

20:24 - 2 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی گنج لە گوندی \"گواز\"ی هەورامان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە گوندی گواز سەر بە شاری سەوڵاوا، ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بەناوی ئامینە محەممەدی کچی وەفا، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە گەنجە، دایکی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ بووە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی گواز بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند کە، \" ڕووداوەکە بەو شێوەیە بووە کە گوایە لە شاری سنە ئامینەیان لەگەڵ پیاوێکی غەیرە بینیوە و دواتر بنەماڵەکەی بە بیانووی شارۆی گوێز، کچەکەیان هێناوەتەوە بۆ گواز و پیلانە لەپێش داڕێژراوەکەی خۆیان جێبەجێ کردووە.

\"28855.jpg\"
ئامینە محەممەدی
ئەو سەرچاوەیە بە کوردپای گوت کە ئەو ژنە دوای ئەوەی گەڕێندراوەتەوە بۆ گوندەکەیان، لەلایەن برا و خوشکەکەیەوە ژەهری دەرخوارد دراوە.

دەوترێت کە دوای مردنی ئامینە، کیسەی نایلۆن کراوەتە سەری و لەلایەن بنەماڵەکەیەوە وا بڵاو کراوەتەوە کە کچەکەیان خۆی خنکاندووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەندامانی بنەماڵەی ئامینە محەممەدی بانگهێشتی ئیدارەی ئاگاهیی پۆلیس کراون و دوای ماوەیەکی کورت، ئازاد کراون.

ئاژانسی کوردپا بە هۆی هەستیاربوونی مەسەلەکە و چاوەڕوانی بۆ وەڵامی پشکنینی پزیشکی یاسایی، ناتوانێ ڕاستیی ئیدعای کوشتنی ئامینە پشتڕاست و یان بەدرۆ بخاتەوە.