مردنی گوماناوی منداڵان لە نەخۆشخانەکانی کوردستان

21:02 - 23 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو مێرمنداڵی خەڵکی شاری نەغەدە بە هۆکاری نادیار لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو کچی مێرمنداڵی خەڵکی شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ورمێ، لە ماوەیەکی کورتدا بە هۆی نەخۆشییەکی نادیار گیانیان لە دەست دا.

دەوترێت، ئەو دوو مێرمنداڵە خوشک بوونه کە پاش تووشبوون بە نەخۆشی سکچوونی خوێنی لە ماوەیەکی کەمدا لە نەخۆشخانەکانی خومینی و موتەهەری شاری ورمێ مردوون.

بێدەنگیی بەرپرسانی بێهداشت و دەرمانی شاری ورمێ بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پڕۆپاگەندە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی\"تای کریمە_کنگو\" لەو پارێزگایە و ئەمە لە کاتێکدا کە بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری کرماشان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسیان لە مردنی کەسێک بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشینی \"تای کریمە_کنگو\" کردبوو.

مردنی گوماناوی منداڵان لە نەخۆشخانەکانی ئێران و بێ دەنگیی بەرپرسانی بێهداشت و دەرمانی حکوومەتی لەو باریەوە، ئەمرێکی ڕوونە کە ڕاگەیەنەکانی سەربەخۆ چەند جارێک باسیان لەو بابەتە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی هەوڵی باشتر کردنی ئەو بارودۆخەیان نەداوە.