مردنی گوماناوی زیندانییەکی کورد لە زیندانی شاری سنە

20:13 - 27 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد، بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار، زیندانییەکی کورد بە ناوی \"حوسێن قادری\" تەمەن ٣٠ ساڵ دانیشتووی شاری سنە، لە قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بە هۆکاری نادیار گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی شاری سنە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، لە هەوڵی ئەوەدان هۆکاری گیان لە دەست دانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر بگەڕێننەوە.

ئەو سەرچاوەیە وێڕای ڕەت کردنەوەی ئیدعای بەرپرسانی زیندانی شاری سنە، دەڵێت: بێهداری زیندان ئامادەی پشتڕاست کردنەوەی ئیدعای بەرپرسانی زیندان نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەگەرچی هۆکارگەلێک لە پەیوەندیی لەگەڵ دەسبەسەر کرانی ئەو زیندانییە کوردە بوونی هەیە، بەڵام دەوترێ، حوسێن قادری لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم دواییانە بووە.

لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی سەر شەقام لە سەرانسەری ئێران و کوردستان و هاوکات سەرکوتی بێبەزیییانەی حکوومەت، بەتایبەتی لە سێ حەوتووی ڕابردوودا هەزاران کەس دەسبەسەر و گیانی خۆیان لە دەست داوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسەکانی هەواڵ و هەروەها سەرچاوە دەوڵەتییەکان هەتا ئێستا نزیکەی ٤ هەزار کەس دەسبەسەر و زیندانی کراون و لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی مەدەنی بە هۆی توندوتیژی و سەرکوتکردن گیانیان لە دەست داوە، بە پشتبەستن بە هەواڵە بڵاوکراوەکان، ٦ کەس لە قوربانیان لە ڕەوتی لێکۆڵینەوە و لە ژێر لێپریسنەوەدا گیانیان لە دەست داوە.

لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، ڕاگەیندنەکان باسی گیان لە دەست دانی چەند هاووڵاتییەکی کورد بەتایبەتی مردنی سارۆ قارەمانی، کیانووش زەندی و ئارام مەعازی لە گرتووخانەی شاری سنەیان کردووە. ئەگەرچی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی ئیدعای ئەوەیان کردووە، کە سارۆ قارەمانی لە ڕەوتی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری کوژراوە، بەڵام سەرچاوە سەرەبەخۆوەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ئەو ئیدعایە بە مردوو دەزانن.

لە هەمان کاتدا دەوترێ، کیانووش زەندی و ئارام مەعازی پاش ئازار و ئەشکەنجە لە گرتووخانەی شاری سنەدا گیانیان لە دەست داوە.