مردنی ١١هاووڵاتی بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب لە رەفسەنجان

19:46 - 11 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ١١ هاووڵاتیی خەڵکی رەفسەنجان بەهۆی خواردنەوەی ئەلکوولی متانۆڵ گیانیان لەدەست دا.

رۆژی رابردوو میدیاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردەوە، کە ٣٥٠ هاووڵاتیی خەلکی رەفسەنجان بەهۆی خواردنەوەی مەشرووباتی ناستاندار و دەستکرد رەوانەی نەخۆشخانە کراون و خوارنەتە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی رەفسەنجانەوە بڵاوی کردەوە، بەپێی دوایین ئامارەکان ٦ هاووڵاتی بەهۆی خواردنەوەی مەشروبی ناستاندار و دەستکرد گیانیان لەدەست داوە و ٣٤٨ کەسیش لەشیان ژەهراوی بووە.

دوکتور حەمید نەجمەدین راشیگەیاندووە کە ٣ کەسی دیکە بارودۆخی تەندرووسییان ناجێگیرە و لە بەخشی \"ئای‌سی‌یو\" لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ٦٠٠ کەس بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد مەسمووم بوون کە نێونجی تەمەنیان ٢٧ ساڵ راگەیەندراوە.

ماڵپەڕە ناوچەییەکانی رەفسەنجان هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانیان بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناراست لەو پەیوەندییەدا تاوانبار کردووە و رایانگەیاندووە، هەتا ئێستا ١١ کەس بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب بوونەتە قوربانی و ١٥ کەسی دیکەش مەترسیی مردنیان لە ئارا دایە.

هەروەها لە مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو لە رووداوێکی هاوشێوەدا ٢٣ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب گیانیان لەدەست دا.

پێشتریش هاووڵاتییانی خەڵکی سنە رایانگەیاندبوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی هەندێک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو شارە، شوێنێکی تایبەتی بۆ دەستکاری و ژەهراوی کردنی مەشرووباتی ئەلکولی دروست کردووە و پاش ژەهراوی کردنی ئەو مەشرووبانە، بە لاوانی ئەو شارەی دەفرۆشنەوە.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان مردنی هاوولاتییان بەهۆی خوارندەوەی مەشروبی ناستاندار لە وڵاتی ئێران٢ بەرابەر رووی لە زیادبوون کردووە.

ساڵانە ٦٠ هەتا ٨٠ میلیۆن لیتر مەشروباتی ئەلکولی بەشێوەی قاچاخ لە سنوورەکانەوە ئاودیوی وڵاتی ئێران دەکرێت.