مردنی ناوەختی چالاکێکی مەدەنیی شاری بۆکان

15:26 - 27 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سۆران پارسامێهر، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنە خەڵکییەکانی \"ژینگەپارێزیی وڵاتی بۆکان\" بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، سۆران پارسامێهر، لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، دەرچووی قۆناغی باڵای \"ژنتیکی گیاهی\" لە زانکۆی قەزوێن_تاران، لە جاددەی نێوان ورمێ ـ مەهابادەوە، بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لە دەست دا.

سووسەن حەسەنزادە نووسەر و بەڕێوەبەری دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەریی زیرەک، لە وەسفی پارسا دەڵێت: ناوبراو هاوڕێ و هاوکاری من لە چالاکییە مەدەنییەکان بوو، بەتایبەت لەو دەگمەن کەسانە بووە، خزمەتێکی بەرچاوی لە ڕاستای ئامانج و چالاکییەکانی ئەم دامەزراوەیە ئەنجام داوە.

حەسەنزادە وتی: پارسا لە بەرنامەدانانی بەرنامەکانی وەک بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی \"ڕۆژی شادی\" بۆ ئەندامانی بەساڵاچوو، فێرکردنی زمان و وێژەی کورد بۆ کچان و کوڕان \"خانەی بووستان\" لە شاری بۆکان، ئامادەکردنی کارگەی بەرهەمهێنان بۆ پشتیوانیی ئابووری و چالاکی دامەزراوەی زیرەک، هەتا ......، لە کۆتا ڕۆژەکانی پێش ڕۆیشتنی بۆ وڵاتی ئاڵمان بووە؛ کە بێگومان هەموو بەرنامەکانی ناوبراو، دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: سۆران ئەگەر تەمەنی لەم دنیایە درێژەی کێشابا، بێگومان یەکێک لە پیاوە گەورەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەبوو؛ دەبێ چەندین ساڵ تێپەڕێ و لەو بارەوە تێچوویەکی زۆر تەرخان بکەین، کتێب بنووسی و پەروەردە بکەی، هەتا سۆران ناوێکی دیکە بەو ناو و نیشانەوە، جارێكی دیکە لە دایک بێتەوە.

سۆران، لاوێک کە بە وتەی بنەماڵەکەی، کوڕ یان برا نەبوو، بەڵکوو گەورەی بنەماڵەکەی بوو؛ گەورەیەک کە پشتیوان و هێورکەرەوەی فیکری بنەماڵەکەی و خەڵکی گوندەکەیان بووە.