مردنی سێ هاووڵاتی بەلووچ لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان

15:18 - 12 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتی به‌لووچ لە زیندانی زاهیدان بەهۆی نەخۆشیی و كه‌مته‌رخه‌میی به‌رپرسان بۆ به‌ڕێكردنیان بۆ نەخۆشخانەگیانیان لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، سێ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی زاهیدان گیانیان لە دەستدا و دوو کەس لەو زیندانیانە بە هۆی نەخۆشی و پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشکی گیانیان لە دەستداوە.

دەوترێ، نەخۆشخانەی زاهیدان تەرمی ئەو سێ زیندانییەی وەرنەگرتووە و دۆسیه‌ی نەکردووەته‌وه‌ بۆیان وتەرمەکەیانی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری زاهیدان کردووە.

شوناسی ئەو سێ زیندانییە بە ناوەکانی \"عەلام ڕەبانی براهووی\" کوڕی کەریم، \"محەممەد ناروئی \" و ئیقباڵ ناروئی \" ڕاگەیەنراوە.

کەمپینی چالاکانی به‌لووچ لەوبارەیەوە بڵاوی کردوەتەوە، دوای مردنی ئەو سێ زیندانییە، بۆ بڵاونەبوونەوەی ئەو هەواڵە لە نێو زیندانییەکانی دیکەدا، هاتووچۆکردن لە بەندی نێو زیندانی زاهیدان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە قەدەغە کرابوو.