مردنی زیندانییەکی دیکەی کورد لە کرماشان پشتڕاست کرایەوە

14:11 - 14 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە ناڕازییە دەسبەسەرکراوەکانی چەند حەوتووی ڕابردوو، لە زیندانی کرماشان گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"خالید قەیسەری\" خەڵکی کرماشان، کە چەند ڕۆژ پاش نارەزایەتییە خەڵکییەکان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، لە گرتووخانەی ئەو شارە گیانی لە دەستدا.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە مردنی کوڕەکەیان لە گرتووخانەی کرماشان پشتڕاست کردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان بە هۆی زۆر بەکاربردنی ماددەی سڕکەر گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: تەرمی خالید قەیسەری بە بەشداری بنەماڵەکەی و ژمارەیەک لە هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە گۆڕستانی شاری کرماشان ئەسپەردەی خاک کرا و هێزە ئیتلاعاتییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕێبەندان، ئیزنی بەڕێوەبردنی ڕێوەڕسمی سەرخۆشییان بەبنەماڵەکەی داوە.

لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان، هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، هەزاران کەس دەسبەسەر و چەندین کەسیش گیانیان لە دەستدا.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، نزیکەی ٥ هەزار کەس دەسبەسەر و لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی مەدەنی بە هۆی توندوتیژی و سەرکوتەوە گیانیان لە دەست داوە کە ٦ کەسیان لە کاتی لێکۆڵینەوە و بەهۆی ئەشکەنجەوە، گیانیان لە دەست داوە کە ئەم کەسانە لە گرتووخانەی شاری سنە گیانی لە دەست داوە: سارۆ قارەمانی، کیانوش زەندی، حوسێن قادری و ئارام مەعازی.