مردنی زیندانیان، کوشتنی نائەنقەستی دەزگای دادوەرییە

20:59 - 8 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی لە ئێراندا، دژکردەوەی دامەزراوەیەکی بەرگریکار لە مافی مرۆڤی بەدواوە بوو.

ڕاپورتی ناوەندی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ بە ئاماژە کردن بۆ خۆگنخاندنی بەرپرسانی زیندان لە چارەسەری زیندانیانی نەخۆش لە گرتووخانەکانی ئێراندا، ڕایگەیاند کە دەتوانرێت لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامی بە کوشتنی نائەنقەست تاوانبار بکرێن.

ئەو ناوەندە لە درێژەدا، لێپرسراوانی دەزگای دادوەریی بە سەلیقەیی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ یاسای ڕێنوێنی دادڕەسی کەیفەریی و نووسراوەی جێبەجێکاری ڕێکخراوی گرتووخانەکان و کرداری فێرکاری تاوانبار کرد.

بەپێی مادەی ٥٠٢ لە یاسای ناوبراو، دادوەری دادگەکان لە ئەگەری تووشبوونی سزادراوان بە نەخۆشینی جستەیی و دەروونی، دەبێ بۆ گۆڕین، ڕاگواستن و ڕاگرتنی جێبەجێ‏کرانی حوکمەکەیان هەنگاو هەڵبگرن.

هەر ئەو دامەزراوەیە کە لە لایەن شیرین عیبادی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێڵ سەروکایەتی دەکرێت، ڕایگەیاندووە کە داواکردنی تێچووی خەواندنی نەخۆش لە خەستەخانە و باقی خەرجییەکان، لەدژایەتی نووسراوەی جێبەجێکاری ڕێکخراوی گرتووخانەکاندایە.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، زەینەب جەلالیان، ئەفشین سوهراب زادە، کەیوان داوودی، عەلیڕەزا ڕەسووڵی و... ناوی ئەو زیندانییە کوردانەن کە چارەسەری پزیشکییان لە لایەن لێپرسراوانی دادوەرییەوە پشتگوێ خراوە.
بێبەش کردنی زیندانییانی سیاسی، عەقیدەتی و مەدەنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکی یان وەدواخستنی بردنی زیندانیانی نەخۆش بۆ خەستەخانە، وەکوو \"ڕێبازێک\" کە حکوومەت بۆ زەخت خستنەسەر زیندانییان بەکاری دێنێت، هێمای بۆ دەکرێت.

بەپێی وتارێکی بێهرەنگ زەندی کە لە ڕادیۆ زەمانە بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢٥ کەس لە چالاکانی سیاسی لە گرتووخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە.

لە زۆرێک ڕاپۆرتی نێونەتەوەیی‏دا بە پشت‏بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی نێوخۆیی و دانیشتن لەگەڵ ئەو زیندانییانەی کە لە گرتووخانە ئازاد بوون، ئاماژە بە دۆخی نالەباری گرتووخانەکانی ئێران کراوە و هەموو جارێکیش حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئەو ڕاپۆرتانە بە دوژمنایەتی دەگەڵ ئێران و چەواشە کردنی ڕاستییەکان لەقەڵەم داوە.

ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٣٣ جار لە لایەن شوورای مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پێشێل کردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تاوانبار کراوە.