محەمەد نەزەری، ناڕەزایەتیی بە هەڵوەشانەوەی بەندی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ دەربڕی

16:55 - 16 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بە پێشینەترین زیندانییە سیاسییەکانی کورد، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک، ناڕەزایەتیی خۆی بە هەڵوەشانەوەی بەندی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ دەربڕی.

لەو نامەیەی معەمەد نەزەریدا، رەخنەی توندی لە کارکردی بەرپرسی گشتیی کاروباری زیندانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا گرتووەو ئەو بەرپرسە حکوومەتییەی لەمەڕ مەرگی ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکان بە بەرپرسیار زانیوە.

ئەو زینداییە کوردە، مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراو و دواتر حوکمی لەسێدارەدانی بۆ برایەوەو سەرئەنجام حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

محەمەد نەزەری ئەو نامەیەی لە ساڵۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە نووسیوەو لە نامەکەدا ئاماژە بە ٩ زیندانیی سیاسی دەکات، کە لە زیندانەکانی ئوستانی ئازاەربایجانی رۆژئاواوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج دوور خراونەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە ءیستادا زیاتر لە ١٥٠ زیندنایی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و بەتایبەت لە زیندانی شارەکانی ورمێ، مەهاباد، و ماکۆ، لە دەستبەسەریدان.

دەقی نامەی محەمەد نەزەری لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە کراوەتە کوردی:

لەمڕۆدا و لە هەموو جیهاندا هێندیک پێوەر بۆ زیندانیانی سیاسی لەبەر چاو دەگیرێت، کە زۆربەی زیندانیان پاش ئەوەی لە زیندان ئازاد کران، رەوانەی زیندان ناکرێنەوە. لە زیندانیش، زیندانبان و بەرپرسان، هەموو ئیمکاناتێک دەخەنە بەر دەستی زیندانییان، بەڵام ئەم مەسەلەیە لە وڵاتی ئێراندا بە تەواوەتی پێچەوانەیە. زۆر کەس بەهۆی ئەنجامدانی تاوانیکی بچووک لە زیندان کراون، بەڵام پاش ئەوەی ماوەی عوکمەکەی تەواو کرد، بە تەواوەتی گۆردراوەو بۆتە ئینسانێکی دیکە. بەرپرسانی زیندان لەوپەڕی دڵڕەقی و هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەیەندا، لەگەڵ زیندانیان هەڵسووکەوت دەکەن. ماددەی هۆشبەر دێننە نێو زیندان و زیندانییەکانیش بەبێ هۆکارێکی روون بۆ زیندانەکانی دیکە دوور دەخەنەوە.

عەلی جەلیلی، جێگری پێشوو، و بەرپرسی ئێستای زیندانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بە دڵێکی تەژی لە غەرەز و بوغز، دۆخێکی دژواری بۆ زیندناییە سیاسییەکان خولقاندووە. بەپێچەوانەی ئایین‌نامەی زیندانەکان لەمەڕ جیاکردنەوەی زیندانیەکان، بەپێی تاوانەکانیان، ئەو بەرپرسە بەندی زیندانییە سیاسییەکانی کردۆتە بەندی بکوژ و دزەکان و زیندانییە سیاسییەکانی خستووەتە ژێر فشاری رۆحی و دەروونییە.

\"21924.jpg\"
عەلی جەلیلی، بەرپرسی زیندانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا
چەند سال پێش ئێستا، بەپێی گەڵاڵەیەکی ئەو بەرپرسە، ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکانیان بۆ زیندانەکانی دیکە دوور خستەوە، کە طاهیر موستەفەوی و محەمەد مەهدی لامیە ، کە هاورێ لەگەڵ ٧ زیندانیی سیاسیی دیکە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج دوور خرابوونەوە، بەهۆی فشاری نێو زیندان و سەختییەکانی دووری لە کەسووکار و بنەماڵەکانیان، لە نیو زینداندا کۆچی دواییان کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئێستا رێگری لە گەرانەوەی زیندانییەکان بۆ زیندانی شارەکانی خۆیان دەکەن.

عەلی جەلیلی نەتەنیا، هیچ پێوەرێکی مرۆڤ بوونی پێوە دیار نییە، بەڵکوو بۆتە ماشێنی ئینسان کوشتن، کە بەهۆی دڵخۆشیی خۆی، هەزار کەس دەکاتە قوربانی. زۆربەی ئەو زیندانییانەی کە ئیستا لە زینداندان و کەسووکاریان کۆچی دواییان کردووە، ئیزنی بەشداری کردن لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردن و سەرخۆشییی کەسوکاری کۆچکردوویان پێنەدراوە.

محەمەد نەزەری
١٤ی خەرمانانی ١٣٩٣
بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج