محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی خوازیاری ڕزگارکردنی گیانی ڕامین حوسێن‌پەناهی لە ئێعدام بوو

21:38 - 4 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری بیرجەند لە پەیامێکدا خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی بوو.

محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری بیرجەند لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵکی ئێران و کوردستان، ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام و ڕزگارکردنی گیانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بوو.

لەو پەیامەدا هاتووە: \"ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی یەکەمین ئێعدام و دوایین ئێعدام نەبووە و نابێت و کۆماری ئیسلامی به درێژەدان بە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی درێژه به کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی ئێران و کوردستان بە هەر بیانوویەک دەدات و هەنووکە ئێمە شایەتی ئێعدام و کوشتاری بە کۆمەڵی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی کورد بە تایبەتی کۆڵبەران، کرێکاران و چالاکانی ڕێگای ئازادی لە کوردستانین\".

لە بەشێکی دیکە ئەو پەیامەدا هاتووە: \"هەتا ئەمڕۆ سەدان زیندانیی سیاسیی کورد وەک حەبیبوڵلا گوڵپەری‌پوور، حەسێن حزری، مەنسوور ئاڕوەند، محەممەد عەبدوڵلاهی، عەلی ئەفشاری، حەبیبوڵلا ئەفشاری و شێرکۆ معارفی ئێعدامی چالاکانی مەدەنیی لە کورد لە کوردستان لە کاتێکدا ڕوو دەدا کە کۆماری ئیسلامی ئیدعا دەکات کە نەتەوەکانی ئێران بەبێ هیچ جیاوازییەک و هەڵاواردنێک لە ژێر سێبەری ئاڵای کۆماری ئیسلامی ژیان دەکەن\".

ناوبراو هەروەها لەو پەیامەدا ئەوەش دەخاتە ڕوو کە: \"شایەتەکان بەڵگەی پێویست لەو بارەیەوە لە بەردەستدایە کە ئەو ڕێژیمە شیاوی چاکسازی نییە و نەتەوەکانی ئێران لە بارودۆخێکی نالەبار ژیان بە سەر دەبەن و هیچ کام لە چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا هەست بە ئەمنییەت ناکەن\".

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە کۆتاییدا داوای له خەڵکی ئێران کوردستان کردووە کە \"چیدیکە فریووی کۆماری ئیسلامی نەخۆن و هەمووان پێکەوە بۆ ڕزگارکردنی گیانی ڕامین حوسێن‌پەناهی و ڕامینەکانی دیکە کە گیانی لە مەترسی ئێعدام دایە، دەنگ هەڵبڕن و ئەو ڕێژیمە ناچار بە پاشەکشە لەو بڕیارە بکەن\".

محەممەد ئەمین عەبدوڵڵاهی سەرەڕای تێپەڕاندنی نیوەی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان، هەروەها لە مافی ئازادی رەوا بێبەری بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاییزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران \"بە ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی \"تەبەس\" مەحکووم کرا.