محەممەدڕەسووڵ ئەلیاسی بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

17:54 - 4 جۆزەردان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٣ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەدڕەسووڵ ئەلیاسی" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی محەممەدتاهیر خەڵکی شاری پیرانشار، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

محەممەدڕەسووڵ ئەلیاسی ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دوو حەوتوو دەسبەسەری، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی پیرانشار ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.