محەممەدسدیق کەبوودوەند پاش شەش ساڵ زیندان، ٤ رۆژ مورەخەسیی پێدرا

13:22 - 3 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: محەممەدسدیق کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکی مافی مرۆڤ، پاش ٦ ساڵ لە دەستبسەری سەرەنجام ٤ رۆژ مورەخەسیی پێدرا.

بەپێی هەواڵی رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، شەوی رابردوو محەممەسدیق کەبوودوەند بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەن لە زیندانی ئێوین و بە شێوەی کاتی بۆ ماوەی ٤ رۆژ مورەخەسیی پێدرا و گەڕایەوە ناو بنەماڵەکەی.

رێكەوتی ٢٣ بانەمەڕی ئەمساڵ محەممەدسدیق كەبوودوەند لە ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری خۆی و ئیزن نەدان بە مورەخەسی بۆ دیتنی منداڵە نەخۆشەكەی، دەستی دایە مانگرتن كە دوای چوار رۆژ و لەسەر داوای لێپرسراوانی زیندان و دادستانی تاران كە رایانگەیاندبوو ئەگەر بێت و مانگرتنەكەی بشكێنێت، داخوازییەكانی جێبەجێ‌ دەكەن مانگرتنەکەی شکاند.

كەبوودوەند بۆ ماوەی یەك حەفتە بە شێوەی كاتی مانگرتنكەی شكاند و پاش جێبەجێ‌نەكردنی بەڵێنییەكان، دیسان رێکەوتی ٨ی جۆزەردان دەستی دایەوە مانگرتن.

\"10340.jpg\"
محەممەدسدیق كەبوودوەند، چالاكی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنووس و دامەزرێنەری رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، لە رێكەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ەوە دەستبەسەر بووە و لە دادگای ئینقلابی تاران بە تاوانی هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی لە رێگای دامەزران و بەڕێوەبردنی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بە ١٠ ساڵ زیندان و بەهۆی تەبلیغ بەدژی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە رێگای پێوەندی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پێوەندی لەگەڵ كووفی عەنان و راگەیەنە گشتییەكان بە یەك ساڵ زیندان و سەرجەم بە ١١ ساڵ مەحكووم كرابوو كەلە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاراندا حوكمەكەی كراوەتە ١٠ ساڵ زیندان.

رێکەوتتی ٣١ی پووشپەڕی ئەمساڵ كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران ـ ژنێڤ لە نامەیەكدا بە فەرمی كاندیداتۆریی محەممەدسدیق كەبوودوەندی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی \"مارتین ئیناڵس\" بۆ تێكۆشەرانی بواری مافی مرۆڤ بۆ ساڵی 2013 راگەیاند.

كەبوودوەند بەهۆی ٧ مانگ راگیران لە ژووری تاكەكەسی و دۆخی نالەباری زیندان، تووشی نەخۆشییەكانی ریە، گورچیلە و پێست بووە و تەنانەت تووشی سەكتەی مێشكیی كەم هێز بووە.