محەممەدخالید حەمزەپوور و ڕەحمان یووسفی بۆ جیبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران

17:42 - 9 گەلاوێژ 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەدخالید حەمزەپوور" خەڵکی گوندی "خانلەر" و ڕەحمان یووسفی" خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

لە ماوەی ڕابردوودا، حوکمی زیندانیی ئەو دوو هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووە.

محەممەدخالید حەمزپوورە و ڕەحمان یووسفی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم و ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بەو دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، محەممەدخالید حەمزەپوور، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ئازاد کرابوو.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٩، "ڕەحمان یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەیان لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.

 ڕەحمان یووسفی سەرەتاکانی مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ۲٤ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری کرابوون.